سەرۆک وەزیران :
• پێویستە نوێنەرانی کوردستان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە و مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان
• ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دەکەین و پێویستە لە ڕێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە .
ئەمڕۆ چوارشەممە 13ی ئۆکتۆبەری 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران، سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی ئاسایی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانی کرد.
سەرۆک وەزیران، لە سەرەتای کۆبوونەوەکەدا، بە بۆنەی کۆتایی هاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە ناوی ئەنجومەنی وەزیرانەوە، پیرۆزبایی لە گەلی کوردستان و گشت لایەنە براوەکانی هەڵبژاردن کرد و سوپاسی پێشمەرگە و پۆلیس وهێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی بە گشتی کرد کە ئەرکی خۆیان سەرکەوتووانە بەجێگەیاند لە ڕەخساندنی زەمینەیەکی ئارام بۆ پرۆسەی دەنگدان.
سەرۆک وەزیران، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە نوێنەرانی کوردستان، لێرە بەدواوە، لە پەرلەمانی عێراق، بەیەکەوە یەکگرتووانە و بەهەماهەنگیی و یەکڕیزی، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە شایستە ومافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان، دوور لە ململانێی ناوخۆیی، دووپاتیشی کردەوە کە حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئامادەیە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لە گەڵ نوێنەرانی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە هەموو جیاوازیی وڕەنگەکانەوە، بۆ درێژەدان بە کارکردن و هەماهەنگیکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی، بە ئامانجی دابینکردنی ماف وشایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان .
سەرۆک وەزیران، هەروەها ستایشی خۆڕاگری خەڵکی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کرد و پیرۆزبایی دەرچوونی نوێنەرانی کوردی لەو ناوچانەدا کرد و ئاماژەی بەوەدا ، کە ئەنجامی هەڵبژاردن لە ناوچە دابڕێنراوەکان، دووپاتکردنەوەی ناسنامەی کوردستانیبوونی ئەو ناوچانەیە ، جەختیشی لەوە کردەوە کە پێویستە ، نوێنەرانی کوردستان لە ڕێی جێبەجێکردنی ماددەی 140ی دەستوور، کاربکەن بۆ ئەوەی بارودۆخی ئەو ناوچانە ئاسایی بکرێتەوە.
پاشان کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سروشتییەکان، ڕاپۆرتێکی پێشکەش کرد كە تایبەت بوو بە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم جێبەجێکردنی بڕیارەکانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی و بەنزین، بە هەماهەنگی وەزارەتی نەوتی حکومەتی فیدراڵی .
لە بڕگەی سێیەمی کۆبوونەوەکە،سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگیی و بەدواداچوون عەبدولحەکیم خەسرەو، ڕاپۆرتێکی سەبارەت بە بەدواداچوون بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکانی چاکسازی و ڕێکخستنەوەی داهاتەکان لە هەرێمی کوردستان خستەڕوو، کە چەندین ڕاسپاردەی تێدابوو بۆ وەزارەتە پەیوەندیدارەکان، لە پێناو بەکارهێنانەوەی بۆ خزمەتی گشتی وپڕۆژەکانی ئاوەدانکردنەوە .
لە کۆتایی کۆبوونەکەدا، ئەنجومەنی وەزیران، بڕیاریدا بە ڕاسپاردنی هەر یەک لە فەرسەت ئەحمەد وەزیری داد، ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم سکرتێری ئەنجومەنی وەزیران، بۆ سەرپەرشتی و بەداواداچوونی ئەو داوا یاساییانەی کە لە دادگای باڵای فیدرالی پەیوەندیدارن بە هەرێمی کوردستان و ئاگادارکردنەوەی ئەنجومەنی وەزیران لە بەرەوپێشچوون و ئاستەنگەکانی بەردەم ئەو داوایانە، بە ئاراستەی زامنکردنی ماف وشایستەکانی هەرێمی کوردستان و داکۆکیکردن بە باشترین شێواز لە ماف ودەسەڵاتە دەستوورییەکانی هەرێم، لە ڕێگای تیمی قانونی شارەزا، لە ژێر ڕێنمایی وسەرپەرشتی ئەنجومەنی وەزیران.