لیژنەی ئەمنیی پارێزگای هەولێر رایگەیاند، دوای کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان و راگەیاندنی ئەنجامەکان، هەرکەسێک تەقە بکات لەلایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیردەکرێت.
دەقی راگەیێنراوەکە:
ئاگاداری گشت هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر دەکەینەوە، دوایی کۆتایی هاتنى پڕۆسەى دەنگدانى گشتیى و دەرکەوتنى دەرەنجامە سەرەتاییەکان، تەقەکردن بەهەموو شێوەیەک قەدەغەیە و هەر کەسێک تەقە بکات بەدڵنییایەوە لەلایەن هێزە ئەمنیەکان دەستگیر دەکرێت و لە ئێستاشدا لە گشت شوێنەکان بڵاوە بەهێزەکانى ناوخۆ کراوە و لە حالەتی ئامادەباشیدان، هەرکەس و لایەنێک یاسا شکێنى بکات دەستگیر دەکرێت و ڕادەستی دادگا دەکرێ و بەتوندى سزا دەدرێت. هەروەها سوپاس و دەستخۆشى بۆ سەرجەم هێزەکانى پۆلیس و ئاسایشى ناوخۆ کە پلانى ئەمنى پارێزگاى هەولێر وەک چۆن داڕێژرابوو جێبەجێکرا و هیچ گرفت و لەمپەرێک نەهاتە پێش، لێرەشەوە زۆر سوپاس بۆ هاوڵاتییانى سنوورى پارێزگاى هەولێر کە وەک هەمیشە هاوکار و هەماهەنگ بوون. لێژنەى ئەمنى پارێزگاى هەولێر2021.10.10