پەیامێک لە مەسرور بارزانییەوە

بە بۆنەی کۆتاییهاتنی پرۆسەی دەنگدان بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، سوپاسێکی گەرمی هاووڵاتییانی هەرێمی کورستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی هەرێم دەکەم بۆ بەشدارییان لەو پرۆسە دیموکراسییە و هەستکردنیان بە بەرپرسیاریێتی لە پرۆسەی سیاسیی و بەرگریکردن لە مافە دەستوورییەکانی گەلی کوردستان.
سوپاسی پێشمەرگە و هێزەکانی ناوخۆ بەگشتی دەکەم کە ئەرکی خۆیان لە دابینکردنی کەشێکی ئارام بۆ دەنگدان و پاراستنی بنکەکانی دەنگدان، بە باشترین شێوە بە جێگەیاند، هەروەها سوپاسی کارمەندانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دەکەم،بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان بە شێوەیەکی پیشەییانە، هەرچەندە بەداخەوە لە چەندین بنکە و وێستگەی دەنگدان کێشەی تەکنیکی ڕوویدا و ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە مافی دەنگدان بێ بەشبوون.
لە چەند شوێنێکیش بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، لە لایەن چەند گرووپێکی چەکداری لە یاسا بەدەر، ڕێگری لە دەنگدەران کرا بگەنە بنکەکانی دەنگدان کە ئەمە مایەی نیگەرانیی و ناڕەزایی قووڵی ئێمەیە و دژی بنەماکانی دیموکراسی و مافی ئازادیی بەشداریکردنە لە پرۆسەی دەنکدان.
ئەم ئێوارەیە لە گەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ بەڕێز موستەفا کازمی بەتەلەفۆن قسەم کرد و پیرۆزباییم لێکرد کە بەڵێنی خۆی بۆ ئەنجامدان و سەرخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختە بردە سەر. هەردوولا هاوڕابووین لە سەر گرنگیی لێکۆڵینەوە و بە دواداچوون کردن بە شێوەیەکی ڕوون و شەفاف و لەکاتێکی دياريكراودا، بۆ ئەو کێشە و گرفتانەی کە لە کاتی پرۆسەی دەنگداندا ڕوویاندا.دڵنیام سەرۆک وەزیران، دەتوانێت ئەرکەکانی قۆناغی کاربەڕێکردن بە باشی بەڕێوە ببات و لەم ڕووەوە هاوکار و پشتیوانی دەبین.
ئێستا دوای تەواوبوونی پرۆسەی هەڵبژاردن، قۆناغێکی نوێ دەست پێ دەکات، هیوادارم هەموو ئەو بەربژێرانەی متمانەی هاووڵاتییانی کوردستان بە دەست دەهێنن و دەبنە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، بە یەکدەنگی و پێکەوە، کاربکەن لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان و پەرەپێدانی کولتووری دیموکراسی و ڕێزگرتن لە پرنسیپەکانی هاوبەشیی و هاوسەنگی و سازان، لە بەڕێوەبردنی دەسەڵاتی فیدرالی لە عێراقدا .
خوازیارم نوێنەرانی هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکان لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، پشت لە ململانێ ناوخۆییەکان بکەن و هەموویان لە بەغدا بە یەکڕیزی و یەکهەڵوێستی، کار بکەن بۆ ئەوەی، پێگەی هەرێمی کوردستان، لە عێراقی فیدرالدا بەهێز ببێت و مافە دەستورییەکانی کوردستانیيان دەستەبەر بکرێن ، بۆ ئەم مەبەستەش، لە گەڵ هەموو لایەنەکان، لە پەیوەندیدا دەبین .

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان
10ی ئۆکتۆبەری 2021

ھەواڵی زیاتر