له‌ بیاره‌ چه‌كدارانی یه‌كێتی په‌لاماری كادیر و ده‌نگده‌رانی پارتی ده‌ده‌ن

كادیرێكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌ شاره‌دێی بیاره‌ و نزیك بنكه‌ی ده‌نگدان، له‌لایه‌ن چه‌كدارانی یه‌كێتییه‌وه‌ لێیدرا و برینداركراوه‌، به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كانی په‌یامنێری كوردستان24، ته‌قه‌ش كراوه‌.

كادیره‌كه‌ی پارتی ناوی “لوقمان ساڵح”ـه‌ و له‌لایه‌ن ژماره‌یه‌ك چه‌كداری یه‌كێتی په‌لاماردراوه‌.

به‌ گوێره‌ی زانیارییه‌كان، پێشتر به‌رپرسێكی یه‌كێتی هێزی چه‌كداری بردووه‌ته‌ نزیك قوتابخانه‌ی “بیاره‌ی شه‌ریفه‌” و له‌وێش په‌لاماری پێشمه‌رگه‌یه‌كی لقی 12ی پارتییان داوه‌، ته‌قه‌شیان به‌سه‌ر كادیرانی پارتی و ده‌نگداراندا كردووه‌.

به‌ گوێره‌ی ئاماری هه‌ڵبژاردنه‌كانی رابردوو، پارتی هه‌میشه‌ ده‌نگی یه‌كه‌می بیاره‌ی هێناوه‌، ئه‌وه‌ش به‌رپرسانی یه‌كێتی له‌ سنووره‌كه‌ نیگه‌ران كردووه‌ و ده‌یانه‌وێت له‌ ژێر گوشار رێگری له‌ ده‌نگده‌رانی پارتی بكه‌ن.

كادیرێكی پارتیش له‌ شوێنه‌كه‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كات، به‌ هێزی سه‌ربازی و دژه‌تیرۆر هه‌ڕه‌شه‌مان لێده‌كه‌ن و ده‌یانه‌وێت خه‌ڵك بترسێنن، بۆیه‌ گرفت بۆ پرۆسه‌كه‌ دروست بووه‌ و به‌شێكی زۆری ده‌نگده‌ران نه‌یانتوانیوه‌ ده‌نگ بده‌ن.

ھەواڵی زیاتر