ماوەی ساڵێك تێپەر دەبێت بە سەر ئیمزا كردن و راگەیاندنی رێككەوتننامەی ئاساییكردنەوەی باردودۆخی شنگال، كە پاش چەندین كۆبوونەوە وسازان ولێك تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان حكوومەتی هەرێمی كوردستان وحكوومەتی فیدراڵی وبە چاودیری وسەرپەرشتیی نێردەی نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق، ئەنجام دراوە.
حكوومەتی هەرێمی كوردستان ولە پێناو بەرژەوەندی گشتی، هەموو نەرمییەكی نواندووە بۆ گەیشتن بەو رێككەوتننامە لە پێناو ئاسایی کردنی بارودۆخی شنگال و رەخساندنی كەشی گونجاو بۆ گەڕانەوەی خوشک وبرا ئێزیدییەکانمان بۆ سەر زیدی باب وباپیرانیان تا بتوانن دووبارە دەست بە ژیانی ئاسایی خۆیان بكەنەوە. هەر چەندە هەم لە كاتی گفتوگۆكاندا وهەمیش لە كاتی ئیمزا كردن وراگەیاندنی رێككەوتنەكە، بە ئاشكرا رامانگەیاندووە كە ناوچەی شنگال لە پاش رووداوەكانی ١٦ی ئۆكۆتەبەرەوە كەوتۆتە دەست چەکدارانی پەکەکە وكۆمەڵێك گرووپی چەكداری بەدەر لە یاسا کە رێگر بوونە لە گەڕانەوەی ئاوارەكان وئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەكە، كە چی پاش ساڵێك لە ئیمزا كردنی ئەو رێككەوتننامەیە دەبینین كە ناوچەكە زیاتر كەوتۆتە ژێر دەستی ئەو گرووپە چەكداریانە وهێزەکانی ئەمنیی فیدڕاڵی بێ توانا لە بەرامبەریان دەردەكەون، هەر وەك لە رۆژانی رابردوو دا گرووپەكانی سەر بە پەكەكە ولە پێش چاوی هێزە عیراقییەكانەوە رێگریان كردووە لە چوونی كاندیدانی پەرلەمانی عیراق بۆ ناوچەكە ومافی بانگەشەی هەڵبژرادنیان لێ زەوت كردووە كە پیچەوانەی هەموو یاسا ناوخۆیی ونێودەوڵییەكانە ودژی ئازادیی سیاسی وسەروەریی یاسایە.
بە داخەوە رادەگەیێنین كە پاش سالێك لە واژووكردنی رێككەوتنامەی شنگال، هیچ هەنگاوێكی كرداری لە سەر زەوی بەدی نەكراوە ورۆژ بە رۆژ گرووپەكانی سەر بە پەكەكە وبە چاوپۆشی دەزگا ئەمنییەكانی عیراق پێگە ودەسەڵاتی خۆیان لەو ناوچەیە موكم تر دەكەن.
بە رای گشتیی ناوخۆیی وجیهانی رادەگەیێنین کە ماوەی بەردەم جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەی شنگال هەروا بە كراوەیی نیە وئەم هەموو كات بە فێروو دانە خزمەتی هیچ لایەنێك ناكات وزەرەرمەندی سەرەكیی جێ بە نەجێ كردنی رێككەوتننامەكە تەنیا هاوڵاتییانی ناوچەكە وسەروەریی نیشتمانیی عیراقە.
بەم بۆنەوەیەوە، داوا لە حكوومەتی فیدڕالی دەكەین بە ئەركی خۆیان هەڵبستن ورێككەوتننامەی شنگال جێ بە جێ بكەن، هەروەها داوا لە نەتەوە یەكگرتووەكان وكۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەكەین كە بەردەوام بن لە بەدواداچوونی جێ بە جێ كردنی رێككەوتننامەكە، چونكە ئەركی كۆمەڵگای نێودەوڵەتی وهەموو لایەكمانە مافی گەڕانەوەی ئاوارەكانی شنگال زامن بكرێت وكوتایی بە باری نا ئاسایی وسەپینراو بە سەر ناوچەكە بهێنرێت.
وەزارەتی ناوخۆی
حکوومەتی هەرێمی کوردستان
هەولێر
6/10/2021