گوتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ دەڵێت، بەهۆی تەقینی غازەوە ماڵێک گڕیگرتووە و پێنج کەس بریندار بوون کە سێیان تەندروستییان ناجێگیر بووە و رەوانەی نەخۆشخانەی سلێمانی کراون.
شەریف رەحیم، گوتەبێژی تەندروستیی چەمچەماڵ رایگەیاند، “کاتژمێر نۆی ئەمشەو لە گەڕەکی ئاشتی چەمچەماڵ پێنج کەس کە لەیەک خێزان بوون سووتان و هێنرانە سەنتەری فریاکەوتنی نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو، لە پشکنینە سەرەتاییەکان دەرکەوت کە بەهۆی گڕگرتنی غازەوە بووە”.
گوتەبێژی تەندروستی چەمچەماڵ سەبارەت بە دۆخی تەندروستیی بریندارەکان وتی، سێ لە بیرندارەکان تەندروستییان ناجێگیر بوو پاش چارەسەری سەرەتای رەوانەی نەخۆشخانەکانی سلێمانی کران و دوو لە بریندارەکان تاوەکو ئێستا لە نەخۆشخانەی شەهید پێشڕەو لە چەمچەماڵ چارەسەر وەردەگرن.
یەکێک لە بریندارەکان ژنێکی لەدایکبووی 1974 بووە یەکێکی دیکەیان کچێکی تەمەن 20 ساڵان و کوڕێکی تەمەن 22 ساڵان بووە، ئەوانی دیکەش دوو منداڵی پێنج و شەش ساڵانن.
رووداو