کاتژمێر 12:30 خولەکی رۆژی سێشەممە هێرشکرایە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆی رۆژئاوای کوردستان و لەلایەن چەند کەسێکەوە بەشێکی سووتێنرا.
بەرزان فەرمان، پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ رایگەیاند، درەنگانی شەوی رابردوو بە بۆمبی مۆلۆتۆف [بۆمبی دەستی] هێرشکرایە سەر نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە قامشلۆ و بەهۆیەوە بەشێکی نووسینگەکە ئاگری تێبەردرا و سووتا.
پەیامنێری رووداو لە قامشلۆ گوتی، تاوەکو ئێستا نازانرێت ئەو کەسانەی هێرشیان کردووە کێن، بەڵام هێزەکانی ئاسایشی خۆسەر دەستیان بە لێکۆڵینەوە کردووە.
لە کامێراکانی چاودێری نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ دەردەکەوێت کە دوو گەنج بە دەموچاوی داپۆشراوەوە دەچنە نێو نووسینگەکە و ئاگری تێبەردەدەن و دواتر رادەکەن.
کاتژمێر 7:00ی بەیانی رۆژی سێشەممە 28-09-2021 ، ڤیڤیان فەتاح، پەیامنێری رووداو لەبارەی وردەکاریی رووداوەکە گوتی، کاژێر 12:30 خولەک بە کاتی رۆژئاوای کوردستان گرووپێکی نەناسراو بە بۆمبی مۆلۆتۆف هێرشیان کردووەتەسەر نووسینگەی رووداو لە قامشلۆ.