سەرۆک مهسعود بارزانی بهبۆنهی 51مین ساڵیادی دامهزراندنی یهكیتی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان پهیامێكی بڵاوكردهوه.
دهقی پهیامهكه:
بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان
بەبۆنەی پەنجا و یەكەمین ساڵیادی دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان، پیرۆزبایی خۆم ئاراستەی مامۆستایان و گەورە زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان و سەرۆك و ئەندامانی مەكتەبی تەنفیزی و ئەنجوومەنی ناوەندی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان دەكەم.
دامەزراندنی یەكێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لەسەر دەستی جەنابی بارزانیی نەمر هەنگاوێكی گرنگ بوو بە ئاراستەی بەهێزتركردنی ڕۆڵی مامۆستایان و گەورەپیاوانی ئایینی بۆ پتەوكردنی بنەماكانی دینداری و خواناسی و بڵاوكردنەوەی فەرهەنگی پێكەوەژیان و مرۆڤدۆستی و، هەروەها هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتیان لە سەرجەم ناوچە و شار و گوندەكانی كوردستان.
هاوتەریبیش مامۆستایان و زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستان لە قۆناغی خەبات و شۆڕشدا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە لە بەرزكردنەوەی هۆشیاریی نەتەوەیی خەڵك و ناساندنی مافەكان و ڕەتكردنەوەی زوڵم و بندەستی.
هەروەها ڕۆڵ و كاریگەریی یەكێتیی زانایان و مامۆستا و پیاوانی ئایینی زۆر بەرز دەنرخێنم كە لەو كاتەی تیرۆر هەڕەشەیەكی گەورەیە لە ئاستی ناوچەیی و جیهانیدا بە حیكمەت و شارەزاییان لە بنەما پیرۆزەكانی ئایینی هۆكارێكی بەهێز بوونەوە بۆ ئەوەی هزری توندڕۆیی و تیرۆر نەتوانێت لەناو گەلەكەمان شوێن و پێگە بكاتەوە.
بەبۆنەی ئەو یادە گرنگە هیوای سەركەوتن بۆ یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامی دەخوازم و سوپاسی ماندووبوون و ئەركە پیرۆزەكەیان دەكەم.
خودای گەورە پشت و پەنای هەموو لایەكمان بێت
مسعود بارزانی
٢١ـی ٩ـی ٢٠٢١