فازڵ میرانی: چاوەڕێ دەکەین 4 بۆ 5 کاندیدی عەرەبمان دەربچن

سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی ئەوەین لە پارێزگاکانی عێراق 4 بۆ 5 بەربژێری پارتی دەربچن.

 ئەمڕۆ دووشەممە 20-09-2021 فازڵ میرانی، سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا، لەبارەی شێوازی بانگەشەکردنەوە رایگەیاند، “بانگەشەی ئارام باشترە لە باسکردنی یەکدی، باشترە باسی خۆمان بکەین و باسی خەڵکی دیکە نەکەین، خەڵکی دیکە باسی پارتی دەکەن دەڵێن: ‘پارتی وایە و وایە’.. ئەی خۆتان چیتان کردووە؟ باسی خۆشتان بۆ خەڵک بکەن، لەجیاتی ئەوەی باسی ئێمە بکەن، ئێمە خۆمان باسی خۆمان دەکەین، خەڵکیش حوکمدەدات. پارتی بە نیازی وەڵامدانەوەی هیچ لایەنێکیش نییە.” 

لەگەڵ نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردنی پێشوەخت، قسە و باسەکان لەسەر پۆستی سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق دووبارە هاتووەتە ئاراوە، لەبارەی پۆستی سەرۆککۆمار فازڵ میران گوتی: “پۆستی سەرۆککۆماری مافی کوردە، کورد لەنێو خۆیاندا لەسەر بەربژێری سەرۆککۆمار رێکدەکەون، شیعەکان لەنێو خۆیاندا لەسەر بەربژێری سەرۆکوەزیران رێکدەکەون و سوننەکانیش لەنێو خۆیاندا لەسەر بەربژێری سەرۆکی پەرلەمان رێکدەکەون. هیوادارم ئەم رێککەوتنانە نەبێتە مایەی ئەوەی کە حکومەتی کاربەڕێکەر بۆ ماوەیەکی درێژ لە حوکم بمێنێتەوە و عێراق لە دۆخێکی نالەباردا بژی”. بانگەشەی هەڵبژاردن لە شارەکانی هەرێمی کوردستان رۆژ بە رۆژ گەرمتر دەبێت، بەشێک لە لایەنەکان گوتاری تووند بەرامبەر بە یەکدی بەکاردەهێنن، لەو بارەوە فازڵ میرانی دەڵێت، “بە بڕوای من ئەمە دیدێکی هەڵەیە، خەڵکی کوردستان شارەزان.. یەکێتییە، یەکگرتووە، کۆمەڵە، گۆڕانە، شیوعییە.. ئەوانەی کە بە واقیعی بیردەکەنەوە، جوگرافیا و مێژووی پارتی دەزانن، لەبەرئەوە باشترە بڵێن ئێمە دەمانەوێ لەگەڵ پارتی هاوپەیمان بین لەبەرئەوەی ئەم وڵاتە ئەمن و ئاسایشی تێدابێت، بۆ ئەوەی بتوانین حکومەتێکی هاوبەشی هەمەلایەنەی بەهێز دروستبکەین بۆ ئەوەی لێک نەترازێین”. پارتی لە چەند پارێزگایەکی عێراق بەربژێری بۆ پەرلەمان هەیە، فازڵ میرانی لەوبارەوە گوتی، هەندێک لە هۆزە عەرەبەکان پاڵپشتییان دەکەن، پارتی بەربژێری لە کەربەلا، فەلوجە و ئەنبار هەیە کە خەڵکی ئەو ناوچانەن و دەرچووی زانکۆن و خاوەن بڕوانامەن. لەبارەی بەربژێرەکانیان و ئاستی جەماوەریی پارتی لە باشوور و ناوەڕاستی عێراق، فازڵ میرانی دەڵێت، لە تۆڕی میدیایی رووداوەوە بۆچوونی بەشێک لە هۆزە عەشایەرەکای بینیوە کە گوتوویانە، “سەرۆک بارزانی دەستی بۆ کردنەوە، ماڵی بۆ کردنەوە، ئێمە منەتبارین، لەبەرئەوە ئێمە حەزدەکەین دەنگ بە بەربژێری ئەو بدەین”. هەروەها ئاماژە بەوەش دەدات، لەم هەڵبژاردنە چاوەڕێی ئەوەن 4 بۆ 5 بەربژێری پارتی لە عێراق دەنگی پێویست بۆ پەرلەمانی عێراق بەدەستبهێنن. لەبارەی کێشەکانی نێوان هەولێر و بەغدا گوتی، “هەڵبژاردن هەموو کێشە هەڵپەسێردراوەکان چارەسەر ناکات، بەڵام بەشێکیان چارەسەر دەکات، چارەسەرکردنی کێشە هەڵواسراوەکان پێویستی بە عەقڵ و بیرکردنەوەیەکی دروستە، عەقڵێک کە بڕوای بە نیشتمانیبوون و دادپەروەری لەنێوان هاووڵاتییانی عێراق هەیە”. لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا فازڵ میرانی لەبارەی پێشبینیکردنی ئەنجامی دەنگەکانی پارتی دەڵێت، لە هەڵبژاردنی کوردستان ستراتیژییەتی پارتی ئەوەبوو پارێزگاری لە 38 کورسییەکەی خۆی بکات، “ستراتیژییەتی ئێستاش ئەوەیە کە ئەوەی هەمانە بیپارێزین، بۆ ئەوەی ئێمە لە حاڵەتی جێگیری دەرنەچین، چونکە پارتی حیزبێکی جێگیرە.. چونکە جەماوەرمان جێگیرە “.  لە دوای هێرشەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 پارتی بارەگاکانی لە ناوچە جێناکۆکەکان کشاندەوە و لەو کاتەوە نەکراونەتەوە، بەڵام لە ماوەکانی رابردوودا بەبۆنەی هەڵبژاردنەوە، دەستیان بە کردنەوەی بارەگاکانیان کردەوە. سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی لەو بارەوە دەڵێت، “گەڕاندنەوەی بارەگاکانمان پەیوەندیی بە عەقڵیەتی حوکمڕانی عێراقەوە هەیە، ئێمە کێشەمان لەگەڵ ناوەند نییە، کێشەی ئێمە لەگەڵ مێشکە، ئەو مێشکەی حوکمڕانی ئەم وڵاتە دەکات، یەکێک لەو هۆکارانەی وایکرد کورد پەنا بۆ ریفراندۆم ببات، ئەو عەقڵیەتەیە”.

ھەواڵی زیاتر