مەفرەزەکانی بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوانی سلێمانی – نوسینگەی ڕۆژھەڵات تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە چەند جارێک و لەچەند ماڵێکدا ئاڵتونی دزیبوو.
پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، پاش تۆمارکردنی سکاڵای یاسایی لەلایەن ھاوڵاتییەکەوە کە لەماڵەکەی خۆیدا بێھۆشکراوەو دواتر ئاڵتونەکانی دزراوە، ھێزەکانی پۆلیس لێکۆڵینەوەو بەدواداچونەکانیان دەستپێکردو پاش وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، توانرا تۆمەتبارێک بەناوی (ج، خ، ت) لەدایکبووی ١٩٧٠ دەستگیربکەن و لەبەردەم دادوەردا دانی بەتاوانەکەیدا ناوە کە چەند جارێک و لەچەند ماڵێکدا ئاڵتونی دزیبوو.
تۆمەتباری ناوبراو بەناوی یارمەتیدان و ھاوکارییەوە خۆی لەو ئافرەتانە نزیککردۆتەوە کە بەتەنھا ژیاون، دواتر خاوەن ماڵەکەی بێھۆشکردوەو ئاڵتونەکانیانی دزیوە.
لەئێستادا تۆمەتبار بەبڕیاری دادوەرو بەپێی ماددەی ٤٤٣ ڕاگیراوەو لێکۆڵینەوەکان لەگەڵیدا بەردەوامە.