بەغدا بەرپرسێکی داعش دەستگیردەکات کە ویستوویەتی لە هەولێر تەقینەوە بکات

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایدەگەیێنێت، بەرپرسی ئەمنیی “ویلایەتی باکووری عێراق”ـیان دەستگیرکردووە کە لەلایەن دەزگا ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان “داواکراوی یەکەمە”. 

لە راگەیێندراوێکدا ئاژانسی هەواڵگریی عێراق ئەمڕۆ شەممە 11ی ئەیلوولی 2021 بڵاویکردەوە، “ئەبوو ئیبراهیم دابق، بەرپرسی ئەمنیی داعشیان لە ویلایەتی باکووری عێراق دەستگیرکردووە، کە پلانی هەبووە بۆ ئەنجامدانی تەقینەوە و کوشتن لە هەرێمی کوردستان و بەرپرسی پێکهێنانی مەفرەزە تیرۆریستییەکانیش بووە”.

لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، “دەستگیرکراوەکە بەرپرس بووە لە پێکهێنانی ئەو مەفرەزانەی بەمدواییانە لە پارێزگاکانی کەرکووک و ئەنبار دەستگیرکراون و مەفرەزەیەکی دیکەش کە لە هەرێمی کوردستان دەستگیکران و نیازی تەقینەوە و پلاندانانیان بۆ کوشتن هەبووە لەنێو هەرێمی کوردستاندا”.

لە راگەیێندراوەکەدا ئاماژە بۆ ئەوەش کراوە، کە دەستگیرکردنەکە دوای هەوڵێکی مەیدانی زۆر هات کە مانگ و نیوێکی خایاندووە لەگەڵ بەدواداگەڕان لە پارێزگاکانی کەرکووک، نەینەوا، بەغدا و ئەنبار.

بەپێی ئاژانسی هەواڵگریی عێراق ئەبو ئیبراهیم دابق، کە “دەستگیرکراوە هاوژینی یەکێکە لەو ئافرەتە تیرۆریستانەی کە پێشتر دەستگیرکرابوو و کاری ئەوە بووە دەمانچەی بێدەنگ و بۆمبی بردووەتە هەولێر و بەرپرس بووە لە کەفالەتەکانی داعش لەنەینەوا کە بڕە پارەن و بەسەر ئەندامانی تیرۆریستیی داعش دابەشدەکرێن”.

لە کردەوەکەدا بەپێی ئەوەی ئاژانسی هەواڵگریی عێراق ئاشکرایکردووە، کەسێکی دیکەیان بە ناونیشانی بەرپرس و هاوئاهەنگیکاری نێوان سەرکردەکانی داعش دەستگیرکردووە و رێوشوێنی یاسایی بەرامبەر بە هەردووکیان گیراوەتەبەر.

رووداو

ھەواڵی زیاتر