لە سنووری مەندەلی چوار كەس بە دەستڕێژی گوللە كوژران

ئەمڕۆ چوارشەممە لە سنووری شارەدێی “مەندەلی”ی سەر بە خانەقین، چوار كەس بە دەستڕێژی گوللە كوژران و كەسێكی دیكەش بریندار بووە.

لەمبارەوە نیهاد محەمەد، گوتەبێژی پۆلیسی دیالە ڕایگەیاند: “پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ چوارشەممە 8/9/2021 لەسەر ڕێگەی نێوان شارەدێی مەندەلی-شارۆچكەی بەلەدروز، ژمارەیەك چەكدار كە ئۆتۆمبێلێك لە جۆری ئەلەنتەرای سپێیان پێ بووە، دەسترێژیان لە سەرنشینانی ئۆتۆمبێلێك جۆری جێب شیروكی كردووە”.

گوتیشی: “لە ئەنجامدا چوار كەس بە ناوەكانی “عەلی كەنعان، كەنعان شكور، رەباح ڕەحمان و قاسم حەسەن” گیانیان لەدەست داوە و كەسێكی دیكەش بە ناوی حوسێن سەلمان، بریندار بووە”.

ئەوەشی ئاشکرا کرد: “دۆسیەی ئەو ڕووداوە براوەتە پۆلیسی مەندەلی و ئەوانیش لێكۆڵینەوەیان لەبارەی ئەو ڕووداوەوە دەست پێكردووە”.

شارەدێی مەندەلی، یەكێكە لە ناوچە كوردستانییە داگیركراوەكانی سەر بە پارێزگای دیالە پێشتر قەزا بووە، بەڵام بەهۆی سیاسەتی تەعریبەوە كراوەتە شارەدێ.

باسنیوز

ھەواڵی زیاتر