ئەمڕۆ سێشەممە 7 ی ئەیلولی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆزێپ بوڕێڵ جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا کرد.
لە دیدارەکەدا جێگری سەرۆكی كۆمسیۆنی ئەوروپا و بەرپرسی سیاسەتی دەرەوە و ئاسایشی یەکێتیی ئەوروپا، ئاماژەی بە گرنگیی پێگەی هەرێمی کوردستان کرد وەک فاکتەرێکی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا ، هەورەها بەردەوامبوونی هاوکاری و هەماهەنگیی یەکێتی ئەوروپاشی بۆ هەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە شەڕی تیرۆردا، دووپات کردەوە .
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی هەڵوێستی دۆستانەی یەکێتیی ئەوروپا لە پشتگيریکردنی هەرێمی کوردستان، جەختی لە گرنگیی ڕۆڵی چاودێرانەی تیمەکانی یەکێتی ئەوروپا کرد لە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی عێراق ، بەتایبەتی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ، بە ئاراستەی ئەنجامدانی هەڵبژاردنێکی پاک وبێگەرد کە ماف و خواستی پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق دەستەبەر بکات.
سەرۆکی حکومەت هەروەها جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە، دەستووری عێراق جێبەجێ بکرێت و یەکسانی و دادپەوروەری و شەراکەتی ڕاستەقینە ببنە بنەمای حوکمڕانییەکی تەندروست لە عێراقدا.
پەرەپێدانی پەیوەندییە ئابوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و یەکێنیی ئەوروپا و چاکسازییەکانی کابینەی نۆیەم و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی و دۆخی ئاوارە و پەنابەران لە هەرێمی کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی دیدارەکە بوون.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر