کچە پزیشکێک لە مەلەوانگەیەکی هەولێردا خنکا

کچە پزیشکێکی تەمەن 25 ساڵان لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێر خنکا و باوکیشی دەڵێت: “گومانمان لە خنکانەکەی هەیە و چاوەڕێی وەڵامی دادپزیشکی هەولێرین”.

فرمێسک فەرهاد حەسەن، پزیشکی شارەزای ددان، ئەمڕۆ سێشەممە لە مەلەوانگەیەکی شاری هەولێر خنکا. فەرهاد مەلا حەسەن، باوکی فرمێسک گوتی: “لەبەر تەندروستی، پزیشک بە فرمێسکی گوتووە دەبێ رۆژانە مەلە بکات، بۆیە وەکو هەموو رۆژانی ئاسایی، بەیانی ئەمڕۆش چوو بۆ مەلەوانگە. بەڵام لە کاژێر 9:35 پەیوەندییان پێوەکردم و ئاگاداریان کردمەوە کە فرمێسک لەهۆش خۆی چووە، ئێمەش کە گەیشتینە نەخۆشخانە نەمانتوانی بە زیندوویی بیبینین”.

فەرهاد مەلا حەسەن دەڵێت: “ئێمە بە وردی نازانین رووداوەکە چۆن بووە، چاوەڕێی ئەنجامی لێکۆڵینەوە و توێکارییەکانین، بەڵام بەڕاستی گومانمان لە خنکانەکەی هەیە”.

هەموو مەلەوانگەیەک، دەبێت  مۆڵەتی کارکردن لە وەزارەتی رۆشنبیری و وەرزش و لاوان وەربگرێت، یەکێک لە مەرجە سەرەکییەکانیش ئەوەیە کە دەبێ رزگارکەریان هەبێت. فەرهاد مەلا حەسەن دەڵێت: “رزگارکەری مەلەوانگەکە فرمێسکی کچمی گەیاندووەتە نەخۆشخانە، بەڵام هێشتا دەبێ لێکۆڵینەوەی ورد بکرێ”.

رێبوار عەبدولمەجید، سەرۆکی ناوبژیوانانی یەکێتیی مەلەوانانی کوردستان رایگەیاند، دەبێ هەموو مەلەوانگەیەک رزگارکەری هەبێت، ئەو رزگارکەرەش دەبێ مۆڵەتی فەرمی هەبێ، ئەگەر کەسێک لە مەلەوانگەیەک بخنکێت، رزگارکەر لەوێ نەبێت یان مۆڵەتی نەبێ، بێگومان بەرپرسیارێتییان دەکەوێتە ئەستۆ”.

هەروەها سەرکەوت کاڕەش، گوتەبێژی بەرگریی شارستانیی هەولێر رایگەیاند، ئەگەر سکاڵا لەسەر مەلەوانگەکە تۆماربکرێت، لێپێچینەوەیان لەگەڵ دەکرێت و بۆ هەر کەموکوڕییەک، رێکاری یاسایی دەگیرێتەبەر.

رووداو

ھەواڵی زیاتر