سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە و رایگەیاند، کابینەی نۆیەم بەردەوام دەبێت لەسەر درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی.
رۆژی سێشەممە 7-09-2021، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی کرد.
بەپێی راگەیێندراوێکی ماڵپەڕی حکومەتی هەرێمی کوردستان لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت دووپاتیکردەوە کە “کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سوورە لەسەر درێژەدان بە پرۆسەی چاکسازی و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و نەهێشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی.”
هەر لە کۆبوونەوەکەدا وەک لە راگەیێندراوەکە هاتووە، “جەخت لە گرنگیی هەماهەنگیی نێوان دەزگا پەیوەندیدارەکانی هەرێمی کوردستان کرایەوە، لە پێناو رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و خزمەتکردنی زیاتری هاووڵاتییان و نەهێشتنی قۆرخکاری و رووتین.”