ئەمڕۆ هەینی لە بەنداوی سماقولی دوو هاووڵاتی خنكاون و دوو کەسی دیكەش لە خنكان رزگار كراون.
عەقید گۆران ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەرگریی شارستانیی كۆیە ڕایگەیاند: “ئەمڕۆ هەینی 3/9/2021 چەند خێزانێك بەمەبەستی سەیران چوونەتە کەناری بەنداوی سماقولی و چەند كەسێكیان لە بەنداوەكە دەستیان بەمەلە كردووە، لە ئەنجامدا دوو كەسیان بەناوەكانی (هیوا عومەر سلێمان) تەمەن 30 ساڵ، دانیشتووی شارەدێی دارەتووی سەر بە هەولێرە و پیشەی فەرمانبەرە و (یووسف شكور مامە) تەمەنی 20 ساڵە و دانیشتووی گەڕەكی مامزاوای هەولێرە و پیشەی كاسبە خنکاون”.
ئاماژەی بەوەش کرد هاوکات دوو گەنجی دیكەش لە خنكان ڕزگار کراون.
گوتیشی، تەرمەكان لەلایەن بەرگریی شارستانی كۆیەوە دەرهێنران و ڕەوانەی پزیشكی دادوەری كراون.
باسنیوز