فەرمانگەی میدیا و زانیاریی سەر بە حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ چوارشەممە ٢٠٢١/٩/١، کۆبوونەوەی هەفتانەی خۆی بە سەرۆکایەتیی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەت و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەت ئەنجام دەدات.
لە کۆبوونەوەکەدا ئەم بابەتانەی خوارەوە دەخرێنە بەر باس و گفتوگۆ:
یەکەم: خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی سەردان و کۆبوونەوەکانی بەڕێز ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆکی فەڕەنسا بۆ هەرێمی کوردستان. هەروەها خستنەڕووی پوختەی دەرەنجامی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە دوا گەڕی دایەلۆگی ستراتیجی نێوان کۆماری عێراق و ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا کە لە ڕۆژانی ٢٢ بۆ ٢٨ی تەمموزی ٢٠٢١ لە واشتنتۆن دی سی بەڕێوەچوو.
دووەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی سامانە سروشتییەکان و دارایی و ئابوری و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ جێبەجێکردنی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران بۆ دابینکردنی نەوتی سپی بۆ هاووڵاتییان و کێشەی بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین.
سێیەم: خستنەڕووی دەرەنجامی کۆبوونەوەی بەڕێزان وەزیرە پەیوەندیدارەکان و پارێزگار و سەرپەرشتیارانی ئیدارە سەربەخۆکان لە سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران لە ڕێکەوتی ٢٠٢١/٨/٢٩ سەبارەت بە چارەسەرکردنی کێشەی فڕن و نانەواخانەکان و گرانبوونی نرخی نان و سەموون و ئاسانکاری و پشتیوانیی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان لەم بوارەدا.
چوارەم: خستنەڕووی هەنگاوەکانی هەردوو وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو و سەرۆکایەتی دیوانی ئەنجومەنی وەزیران بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی کێشەی دابینکردنی ئاوی پاک بۆ هاووڵاتییان.