شەڕی نێوان مەلا بەختیار و بەرپرسێکی گۆڕان دەگاتە دادگاكانی سلێمانی

بەرپرسانی گۆڕان پێیانوایە مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجوومەنی باڵای سیاسی و بەژەوەندییەکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی (Clubhouse)، ھێرشی توندی ئاراستەی نەوشیروان مستەفا، ڕێکخەری کۆچکردووی بزووتنەوەی گۆڕان کردووە و گوتوویەتی، نەوشیروان مستەفا تەنیا یەک شەڕی کردووە، کە لەو شەڕەشدا شیوعییەکانی کوشتووە.

بەم هۆیەوە، بەشێکی زۆری لایەنگران و بەرپرسانی بزووتنەوەی گۆڕانی نیگەران بوون، بەجۆرێک، لە کەناڵەکانی ڕاگەیاندن و پەیجەکانی نزیک لە گۆڕانەوە، وەڵامی توندی مەلا بەختیار دەدەنەوە، تەنانەت هۆشیار عومەر، رێکخەری ژووری پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان، لە وتارێکدا مەلا بەختیاری بە کەسێکی “رق لە دڵ” ناو برد.

ناکۆکییەکانی نێوان مەلا بەختیار و بزووتنەوەی گۆڕان گەیشتووەتە ئەو ئاستەی، لە میدیاکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە سووکایەتی بە یەکتری بکەن. چەند ڕۆژێک پێش ئێستا، بەرپرسی ژووی پەیوەندییە دیبلۆماسییەکانی گۆڕان، لە وتارێکدا ھێرشێکی توندی کردە سەر مەلا بەختیار.

لە بەرامبەردا، لەسەر ئەو ھێرشانە و بە تۆمەتی ناوزڕاندن، تیمی پارێزەرانی مەلا بەختیار بڕیاریان دا، سکاڵای یاسایی لە دژی بەرپرسەکەی گۆڕان تۆمار بکەن.

لەمبارەیەوە ماڵپەڕی (چاودێر)ی سەر بە مەلا بەختیار، قسەكانی هۆشیار عومەر، رێكخەری ژووری پەیوەندییە دیبلۆماسییەكانی بزووتنەوەی گۆڕانی دژی مەلا بەختیار، بە ”هێرشێكی دوور لە هەموو رێسایەكی سیاسی‌ و مەدەنی‌ و یاسایی“ لێك داوەتەوە و ئاشكرای كردووە، لەسەر ئەو هێرشە تیمێكی پارێزەر، لەبەر رۆشنایی ماددەكانی (٤٣٣)‌ و (٤٣٤) لە یاسای سزادانی عێراقی و ماددەی (٢)ی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندیكردن، سكاڵای یاسایی لە دژی بەرپرسەكەی گۆڕان تۆمار دەكەن.

ئەوەشی خستە ڕوو: ”مەلا بەختیار تەنیا بە بڕیاری دادوەر رازی دەبێ‌. نەك بە هیچ جۆرە چارەسەرێكی تر. بۆ قەرەبووی ئەو هێرشە ناڕەوایانەی سكاڵالێكراویش، لەسەر كەسایەتیی مەلا بەختیار، دادوەر هەر بڕیارێك بدات پێی رازییە، بەڵام خۆی داوای قەرەبووی ماددی‌ و مەعنەوی دەكات، قەرەبووە ماددییەكەش دەبەخشێتە كەسوكاری شەهیدان‌ و نەخۆشخانەی هیوا“.

تایبەت بەو باسە، ئازاد محەمەد کەریم، پارێزەر لە تیمی پارێزەرانی مەلا بەختیار، بە (باسنیوز)ی ڕاگەیاند: ”بەرپرسێکی باڵای گۆڕان، دوور لە ھەموو بنەماکانی دیموکرسی و لە وتارێکدا تەشھیری بە مەلا بەختیار کردووە، بێگومان ئێمە وەکوو تیمی پارێزەرانی کاک مەلا بەختیار، سکاڵا دژی هەر کەس و لایەنێک تۆمار دەکەین، کە تەشهیر بە کاک مەلا بەختیار بکەن“.

ناکۆکییەکانی نێوان مەلا بەختیار و بزووتنەوەی گۆڕان مێژوویەکی دوور و درێژیان ھەیە، ھەر کاتیک مەلا بەختیار باسی مێژووی نەوشیروان مستەفا بکات، بەشێکی زۆری بەرپرسەکانی گۆڕان وەڵامی توندی دەدەنەوە. لە دوای بڵاوكردنەوەی كتێبی (لەبری بیرەوەری)ش كە لە ناوەڕاستى ئەیلوولى 2020دا بڵاو كرایەوە، بەرپرسان و میدیای فەرمیی بزووتنەوەی گۆڕان، هەڵمەتێكی فراوانیان كردە سەر مەلا بەختیار و گێڕانەوەكانی ئەویان لەبارەی ڕووداوەكانی پەیوەندیدار بە نەوشیروان مستەفا بە ناڕاست و گۆڕینی ڕاستییەكان وەسف دەكرد. لە بەرامبەریشدا مەلا بەختیار و كەسانی نزیك لێی، داكۆكییان لەو شێوە گێڕانەوانەی مەلا بەختیار دەكرد.

باسنیوز

ھەواڵی زیاتر