ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان وەڵامی لێدوانەکانی لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی دەداتەوە و دەڵێت” بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناو ماڵتان چاك بكەن”.
ئەحمەد کانی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی دیموکراتی کوردستان لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبووک لەبارەی لێدوانەکان و سەردانی لاهوور شێخ جەنگی نووسیویەتی” لەجیاتی تەنگەنەفەسی و دەنگهەڵبڕین و ڕەزاگرانی و باسكردنی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناوماڵتان چاك بكەن؟ لەو بیست و چەند ساڵەدا چیتان كردووە بۆ دەڤەری سلێمانی جگە لە تاڵان و سەرانەوەرگرتن و مەحرومكردنی خەڵك تاوەکو بێی باسی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بكەی؟”
رۆژی پێنجشەممە 23ی تەمووز، لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی سەردانی هەولێری کرد و رایگەیاند، چەقی ململانێی سیاسییان دەبەنە هەولێر و دهۆک و زاخۆ.
دەقی نووسینەکەی ئەحمەد کانی
جەنابی لاهوور
لەجیاتی تەنگەنەفەسی و دەنگهەڵبڕین و ڕەزاگرانی و باسكردنی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بۆ ناچی چارەسەری دەردی خۆتان بكەن و ناوماڵتان چاك بكەن؟ لەو بیست و چەند ساڵەدا چیتان كردووە بۆ دەڤەری سلێمانی جگە لە تاڵان و سەرانەوەرگرتن و مەحرومكردنی خەڵك تاكوو بێی باسی هەولێر و دهۆك و زاخۆ بكەی؟
چیتان بۆ زاخۆ كردووە غەیری تەقینەوە و تیرۆر و كوشتنی خەڵكی بێگوناحی ئەم شارە؟ زاخۆییەكان چاوی ئەو دەستسوورانە دەردێنێ ئەگەر بێن خێمەی شوومیان لە شارەكەیاندا هەڵبدەن. دهۆكی دەلال گەرووی هەر خاكفرۆشێك هەڵدەدڕێنێ ئەگەر چاوی تەماح و تاڵانی تێ ببڕێ.
كە هەولێر لە ژێر دەستی ئێوەدا بوو چیتان بۆ هەولێر و هەولێرییەكان كرد؟ خۆ هەموومان بیرمان دێت خەڵك لە سەروماڵی خۆی دڵنیا نەبوو. لەبەر دزی و تاڵانییەكانتان خەڵك سەیارەی دەبردە سەر بانەكان بۆ ئەوەی لێیان نەدزن و كەس نەدەوێرا كاسبیی بكات نەوەك تاڵانچییەكانتان سرانەیان لێ بستینن و سامانیان بدزن. هەولێر چەقی كار و چالاكیتان بوو بۆیە لە ڕفاندن و تیرۆركردنی خەڵكی نیشتیمانپەروەر و زانا و پیاوی باشی ئەم وڵاتە دەستتان نەپاراست. كە لە هەولێر بوون خەڵكی خاوەن فكر و ئاكادیمی و زانای وەك د. محەمەد باجەڵان و د. محەمەد قەرەداغی و سلاح هەورامیتان تیرۆر كرد. خەڵكی نیشتیمانپەرورەی وەك نەقیب كەمال و محیەدین ڕەحیم و شوان عوسمان بەزاز و عەونی شاكر و…دەیانی ترتان تیرۆر كرد و ڕفاند و ژیان و ئۆقرەییتان لە هەولێر ستاند.. بە چ ڕوویەك دەتانەوەێ بێن و ئاسمانی شار تاریك بكەن؟
بڕۆن عیلاجی دەردەكانی خۆتان بكەن و بەڵا و دەنگەدەنگتان دوور بكەنەوە. هەولێر جێگە بۆ ژاوەژاو و تاڵانچیایەتی و كەڵەگایەتی ناكاتەوە.
احمد کانی
٢٠٢٠/٧/٢٣