جێگری سەرۆكوەزیرانی کوردستان، بەشداری لە پرۆژەی (TECHFEST) بۆ كێبڕكێی تەكنەلۆجیا کرد، كە لەلایەن رێكخراوی بیری نوێ و تیمی گەنجانی نووسینگەی جێگری سەرۆكوەزیرانەوە رێكخراوە و ئامانج لێی ناساندنی گەنجانی داھێنەر و خاوەن بیرۆكەیە بە كۆمپانیاكان.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، ئیشی حکومەت ئەوەیە سیاسەت دابڕێژێت، کەشێک بڕەخسێنێت بۆ ئەوەی ئەمنیەت هەبێت لەو وڵات، ئابوورییەکی بەهێز هەبێت، خۆشگوزەرانی و خزمەتگوزاری هەبێت. نەک بە مانای ئەوەی حکومەت دەبێت هەموو ئەمانە دابین بکات. ئێستا لەو سەردەمە بۆمان دەرکەوتووە، کە حکومەت هەموو شتێکی پێناکرێت، ئەو کەموکورتیانەی کە حکومەت هەیەتی دەبێت بە کەرتی تایبەت پڕ بکرێتەوە، بۆ نموونە کە باسی هەلی کار دەکەین ئێمە وەکو حکومەت کارمەندێکی زۆرمان هەیە لەناو حکومەت، ملیۆنێک و 200 هەزار کەس مووچە لە حکومەت وەردەگرن، 750 هەزار فەرمانبەرمان هەیە بە مەدەنی و سەربازییەوە، بۆیە توانای حکومەت بۆ وەرگرتنی دەیان هەزار و 20 هەزاری دیکە کەمە، بەڵام لە بازاڕی کار لە کەرتی تایبەت ئەو دەرفەتە زۆر زیاترە.
قوباد تاڵەبانی وتیشی: لە دەستپێکی کابینەی نۆیەمەوە تاوەکو ئێستا، نزیکەی 860 مۆڵەتی وەبەرهێنانیان داوە بە کۆمپانیاکان، کە بەپێی هەڵسەنگاندنی ئەو کۆمپانیایانە و ئەو بەرنامانەی کە بە نیازن جێبەجێی بکەن، “48 هەزار هەلی کار دەڕەخسێنێت لە کەرتی تایبەت، بەمەش ئەو گوشارەی ئەمڕۆ لەسەر حکومەتە، کەمدەکاتەوە.