بافڵ تاڵەبانی لەگەڵ مەکتەبی سیاسیی یەکێتی لە ھەولێر کۆبووە و گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەکێتی، گۆڕانکاری و چاکسازییەکان و ئامادەکارییەکانی یەکێتی بۆ ھەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق کرا.
بافڵ تاڵەبانی ڕایگەیاند، بە خۆڕێکخستنەوە و چاکسازیکردن لەناو دامەزراوەکانی حیزب، یەکێتی چەند ھەنگاوێکی بەئاڕاستەی یەکێتی ناو یەکێتی ناوە و گۆڕانکارییەکان لەپێناو پاراستنی شکۆی یەکێتی و پارێزگاریکردن بووە لە دەستکەوتەکان و ئەو بەها نەتەوەیی و نیشتمانییانەی یەکێتییەکەمان بڕوای پێیانە. ئەم حیزبە بەرهەمی رەنجی تێکۆشەران و خوێنی شەهیدانە و بەهیچ شێوەیەک رێگەنادەین لە رێبازە پیرۆزەکەی مام لابدات.
بافڵ تاڵەبانی وتیشی: “یەکێتی موڵکی هیچ گرووپ و بەرژەوەندیخوازێک نییە و رێگەنادەین مێژووی پڕ لە سەروەری ئەم حیزبە لەکەدار بکرێت. ئەوەی کردوومانە پاراستنی حیزبی شەهیدان بووە لە هەڵدێر و بەلاڕێدا بردن. یەکێتی لەهەناوی کۆمەڵانی خەڵکەوە دروستبووە و دەبێت هەموو هەوڵەکانیشی لەپێناو خەڵکدا بێت نەوەک کۆمەڵێک کەس کە یەکێتییان بۆ بەرژەوەندی و مەرامی تایبەتی خۆیان بەکاردەهێنا. دڵنیایی دەدەینە یەکێتییە سەربەرزەکان کە جارێکیتر یەکێتی نابێتە قوربانیی مەرامە تایبەت و بەرژەوەندییە شەخسییەکان، ئەوانەشی لەرابردوودا ئەم کارانەیان کردووە نابەخشرێن و رادەستی دادگایەن دەکەین”.