بە بۆنەی حەفتا و پێنجەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی دیموکراتی کوردستان و لەدایکبوونی ڕابەری نیشتمانیمان جەنابی سەرۆک مەسعود بارزانی ، گەرمترین پیرۆزبایی ئاراستەی جەنابی سەرۆک بارزانی و سەرجەم ئەندام و لایەنگرانی پارتی دیموکراتی کوردستان و بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان و ئەنفالکراوان و پێشمەرگە قارەمانەکان و گشت کوردستانییەکی نیشتمانپەروەر و تێکۆشەر دەکەم.
دامەزراندنی پارتی وەک بزاڤێکی جەماوەری بەڕێبەرایەتی باوکی ڕوحی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر ، گەشانەوە و بووژانەوەی ئومێد و هیوای نەتەوەیەک و وەرچەرخانێکی گەورەی مێژوویی و وەڵامدانەوەی خواست و ویستی گەلی کوردستان بوو لە پێناو بەرگریکردن لە مافە نەتەوەییە ڕەواکانیدا.
مێژووی پارتی، مێژوویەکی شکۆداری پڕ لە قوربانیدان و خەباتکردن و دانەبڕان لە خاك و گەلی کوردستان و سازشنەكردنە لەسەر پرسە كوردستانییەكان لەژێر هەر گوشارێكدا بێت.
پارتی کە ئەمڕۆ گەورەترین حزبی کوردستان و عێراق و ناوچەکەیە، هەمیشە لە گەڵ جەماوەرەکەی و درووشمە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی ڕاستگۆ بووە و خاوەنی سیاسەتێکی حەكیمانەیە کە سەرچاوەکەی، دانایی ومێژووی پڕ لە سەروەری جەنابی سەرۆک بارزانییە.
ئەمڕۆش کە یادی حەفتا و پێنج ساڵەی دامەزراندنی پارتی دەکەینەوە ، پەیام و كارنامە و ئامانجە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی پارتی، لە هەموو كاتێك بەهێزترن و بە گوڕو تینێکی زیاترەوە، لە خەبات و تێكۆشانیدا بەردەوامە. شانازییەکی گەورەی بەدیهاتنی دەسکەوتە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانمان و پاراستنی پرۆسەی سیاسی و دیموکراسیی هەرێمی کوردستانیش، بەر پارتی دەکەوێت کە قوربانییەکی زۆری لەم پێناوەدا داوە .
بێگومان كاروانی خەبات و تيكؤشانی پارتی، لە پێشڕەوایەتیكردنی بزووتنەوەی ئازادیخوازیی گەلی كوردستان، بە هاوکاری و هەماهەنگیی لە گەڵ لایەنە کوردستانییەکان، لە پێناو داکۆکیکردن لە مافە دەستووری و پرسە نیشتمانییەکان و پەرەپێدانی زیاتری کولتووری بەیەکەوەژیان و تەبایی و بنیاتنانی کوردستانێکی بەهێز بەردەوامە و رۆژ لە دوای رۆژ، پارتی زیاتر دەبێتە جێگەی متمانەی خەڵکی كوردستان و هەموو هەوڵێکیش دەخاتەگەڕ، لە پێناو خزمەتكردنی زیاتری خەڵکی خۆڕاگری كوردستان.
لە یادی شازدەی ئابدا، بەڕێز و پێزانینێکی زۆرەوە، یادی خەبات و تێکۆشانی دامەزرێنەری پارتی و باوکی نەتەوەییمان مستەفا بارزانی نەمر و شەهیدی سەرکردەی هەمیشە لەیاد ئیدریس بارزانی و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دەکەینەوە .
مەسرور بارزانی
16ی ئابی 2021