ئەگەر لەداڕشتن و لە تەعبیردا، ئینتیباعێکی بەجۆرێک لای هەندێک لە هاوڵاتیان دروست بوبێت کە بەندە هێرشم کردبێتە سەر خەلیفەی ئیسلام ئەوا لەدڵەوە داوای لێبوردن ئەکەم.
ئاری هەرسین ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتی (سلێمانی – هەڵەبجە)ی پارتی:
ڕوونکردنەوە لەسەر خەلیفە عومەری کوڕی خەتتاب
هەموو ئاینە ئاسمانیەکان بەمەبەستی ڕێکخستنی ئەخلاقیات و ئیدارەی کۆمەڵگە بۆ ئینسان نێردراون. بەڵام لە هەمان کاتدا پەیوە ندی ئینسان و خوا شتێکی شەخسیە و، پەیوەندی بە هەردوو بنەمای ئیمان و خۆشەویستیەوە هەیە. ئینسان خوای گەورە ئەپەرستێت و نوێژی بۆ ئەکات چونکە خۆشی ئەوێت، نەک لەبەر ئەوەی لێی ئەترسێت، چونکە خوا (الرحمن الرحیم)ە.
پێ ئەچێت لەسەر ناوەڕۆکی نامەیەکی کراوەی بەندە بۆ ئایەتوڵا خامنەیی، بەشێک لە هاوڵاتیان دڵگران بووبن، بۆیە بە پێویستم زانی ڕونکردنەوەیەک لەسەر ئەو بابەتە لەم خاڵانەی خوارەوەدا کورت بکەمەوە:
بەندە وەک زۆرینەی خەڵکی کوردستان لە بنەماڵەیەکی موسەڵمانم و، خۆشم لەخوا بەزیاد بێت کەسێکی ئیماندارم. ئیمانداریەکەشم تەنیا لەسەر بنەمای میراتیەکی مەعنەوی نیە لە باوک و باپیرم بۆم مابێتەوە، بەڵکو لەسەر بنەمای بەدواداچونی بەردەوامە لە دەقەکانی قورئانی پیرۆز، حەدیسەکانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) و پرس و بیروڕا گۆڕینەوە لەگەڵ مامۆستایانی ئاینی پسپۆڕ و شارەزا. بۆیە ئەگەر هەر بێڕەزیەک بەرامبەر بە ئاینی ئیسلام یان ڕابەرانی بکەم، ئەوا لەپێش هەموو کەسێکدا بێڕێزیم بە خۆم کردوە.
لەنامەکەدا من باسی لەشکرێکی زل و زەبەللاحم کردوە کە سەرێکی لە میسر بوە و سەرەکەی تریشی لە سنوری ئەفغانستان و پاکستان. ناوەندی خەلافەت لە نیمچەدورگەی عەرەبی بوە و، مەسافەی فەرماندەی لەشکرەکە و سەربازەکانی بە هەزاران کیلۆمەتر لێک دوور بوە. بۆیە شتێکی سەیر نیە یەکەیەکی سەربازی سنوری ئەخلاقی تێپەڕاندبێت و لە ڕێنماییەکان لایان دابێت. ئەگەر ئەم سەربازانە لە وڵاتێکی دورەدەست تاوانێکیان کردبێت، بەندە نەهاتوم تاوانەکە بخەمە ئەستۆی خەلیفەی ئیسلام.
لە ئەدەبیاتی ئیسلامی و بگرە ئەوروپیش دا خەلیفە عومەر بە کەسێکی ڕیفۆرمیست (ئیسڵاحی) ناسراوە. ئەگەر حاکمێک هیچ کەمو کوڕیەک لە سنوری حوکمڕانیەکەیدا بەدی نەکات، چ پێویستی بە ڕیفۆرم و چاکسازی هەیە؟… کەوابێ خەلیفەی موسوڵمانان خۆشی هەستی بە کەمو کوڕی لە کۆمەڵگەی ئیسلامی ئەو سەردەمە کردوە. ئیتر کەم و کوڕیەکان لەوانەیە لە جومگە سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری یانیش دام و دەزگای سەربازیدا بوبێت.
دۆستان و هاوڕێیانی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) ڕێزی تایبەتیان لای هەموو موسوڵمانێک هەیە، ئەمە بۆ بەندەش وایە. ئینسانی بەئیمان چۆن بێڕێزی بەرامبەر بە کەسانی نزیکی پێغەمبەر (درودی خوای لەسەر بێ) ئەکات؟… تەنانەت ئەگەر ئینسان پێیڕەوی ئاینێکی تریش بێت نابێت دەست بۆ پیرۆزیەکانی ئاینێکیتر بەرێت، چ جای ئاینەکە ی خۆی. ئەوجۆرە بیرکردنەوەو کردارانەش لەبەندەوە دوورن، وابزانم هاوڵاتیانیش ئەو ڕاستیە باش ئەزانن.
ئەگەر لەداڕشتن و لە تەعبیردا، ئینتیباعێکی بەجۆرێک لای هەندێک لە هاوڵاتیان دروست بوبێت کە بەندە هێرشم کردبێتە سەر خەلیفەی ئیسلام ئەوا لەدڵەوە داوای لێبوردن ئەکەم. هەرچەندە دوپاتی ئەکەمەوە ناوی خەلیفەی ئیسلام لە چوارچێوەی مەنزومەی سەربازی ئەوسەردەمەی سوپای ئیسلام هاتوەو بەس.
هیوادارم دڵگرانی خەڵکی موسوڵمانی کورددستان لەسەر ئەم بابەتە بڕەوێتەوە. ئەم ڕونکردنەوەیەش نە لە ترسەوە سەرچاوەی گرتوە و، نە فشار و گوشارلەسەرم. تەنیا هۆکاری ڕونکردنەوەکە شیکردنەوەیەکی ئەو لێکتێنەگەیشتنەیە لەسەرەوە باسم لێکرد، هەروەها پۆزشت بۆ هاوڵاتیانی موسوڵمانی کوردستان کە دڵگران بوبن لێم.