پۆلیسی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، سێ کەسیان بە تۆمەتی پێبوونی پارەی ساختە دەستگیرکردووە کە بڕی 14 ملیۆن دینار و بڕێک پارەی بیانی ساختەیان پێ بووە.
ڕاگەیەنراوەکەی پۆلیسی سلێمانی
سێ تۆمەتبار بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە دەستگیركران
لەدوو چالاكی جیاجیادا، مەفرەزەکانی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی – بنکەی پۆلیسی سەراو ڕزگاری سێ تۆمەتباریان بەتۆمەتی مامەڵەكردن بەدراوی ساختەوە دەستگیركرد.
رۆژی 7/8/2021، چەند خاوەن دووكانێك بنكەی پۆلیسی سەرایان ئاگادار كردەوە كە لەكاتی مامەڵەكانیاندا پارەی ساختەیان دراوەتێ، دوای وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، بنكەی پۆلیسی سەرا لێكۆڵینەوەو بەدواداچونەكانی دەستپێكردو گومان خرایە سەر دوو تۆمەتبار، توانرا لەڕۆژی 11/8/2021 هەردوو تۆمەتبار (أ، ف، ح لەدایكبووی 1979)و (م، ح، م لەدایكبووی 1979) لەلایەن بنكەی پۆلیسی سەراوە دەستگیربكرێن.
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكاندا دەستیشگیرا بەسەر بڕی 14 ملیۆن دیناری عێراقی ساختەدا لەگەڵ بڕێك دۆلاری ئەمریكی ساختەو ئوتۆمبێلێك كه بەتۆمەتبارەكان بووە.
لەلایەكی دیكەوەو دوای كۆكردنەوەی زانیاری و وەرگرتنی بڕیاری بەڕێز دادوەر، مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی ڕزگاری تۆمەتبارێکیان بەناوی ( ب، ح، ف، لەدایکبووی ١٩٩٩) لەشەقامی سالمی سلێمانی (سەھۆڵەکە) دەستگیرکرد کە بڕێک دراوی بیانی ساختەی پێ بوەو بەنیاز بووە ساغی بکاتەوە.
لەكاتی دەستگیركردنی تۆمەتبارەكەدا دەستیشگیرا بەسەر ئەو دراوە ساختەیەدا كە بەتۆمەتبار بووە.
لەئێستادا هەرسێ تۆمەتبارەكە كە كوردن، بەبڕیاری بەڕێز دادوەر ڕاگیراون و لێكۆڵینەوەكان بەردەوامن.