بافڵ تاڵەبانی: لادەرەکان لە ناو یەکێتی دوور دەخەینەوە

ئەمڕۆ چوارشەممە 11-08-2021  بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە دەباشان پێشوازیی لە هانس ئاکیربووم، کۆنسوڵی هۆڵەندا لە هەرێمی کوردستان کرد، بەپێی ئەو راگەیەنراوەی کە بافڵ تاڵەبانی بڵاویکردووەتەوە لە کۆبوونەوەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانكارییەكانی هەرێمی کوردستان و عێراق تاوتوێكراون، هەروەها گفتوگۆ لەبارەی دۆخی ناوخۆی یەكێتی، ئەنجامدانی گۆڕانكاری و چاكسازییەوە كرا.

 لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی بە کۆنسوڵی هۆڵەندای گوتووە، “دەمانەوێت یاسا سەروەربێت و رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی ببینەوە. قاچاخچێتی، دەستخستنە بینەقاقای بازرگانان بنبڕ بکەین و رێگە لە بەهەدەردانی سامانی گشتی بگرین.” 

لە 08-07-2021 کێشە لەنێوان هاوسەرۆکانی یەکێتی دروستبوو و، بافڵ تاڵەبانی بەرپرسی دەزگای زانیاری و فەرماندەی دژە تیرۆری سلێمانی گۆڕی. چەندین کۆبوونەوە و هەوڵی نێوەندگیری نەیتوانی کێشەکانی نێوان ئەو دوو هاوسەرۆکە کۆتایی پێبهێنێت. بافڵ تاڵەبانی لەبارەی گۆڕانکارییەکان دەڵێت، “هەموو ئەو گۆڕانكارییانەی لەماوەی رابردوودا روویانداوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و گەڕاندنەوەی شكۆ بووە بۆ یاسا”. 

بەپێی راگەیەنراوەکە، یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە یەكێكبووە لە تەوەرەكانی كۆبوونەوەكە و بافڵ تاڵەبانی رایگەیاندووە، “یەكێتی لەگەڵ یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و دروستكردنی هێزێكی نیشتمانییە كە پارێزگاری لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان بكات. بۆ ئەمەش یەكێتی ئامادەی هەموو پشتیوانییەكە.” لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بافڵ تاڵەبانی هەڵوێست و ستراتیژیی یەكێتی بۆ کۆنسوڵی هۆڵەندا روونكردووەتەوە و رایگەیاندووە، “ئامانجی ئێمە یەكڕیزی كورد و دەستەبەركردنی ژیانێكی شایستەیە بۆ خەڵكە خۆشەویستەكەمان. کۆدەنگی و لێکتێگەیشتنی هاوبەشە سەبارەت بە پرسە نیشتمانییەکان و یەکخستنی ناو ماڵی کوردە”.

ھەواڵی زیاتر