سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق دەكات
ڕۆژی سێشەممە ١٠ـی ئابی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق كرد.
لە دیدارەكەدا كە ڕۆبێرت پالادینۆ كونسوڵی ئەمەریكا لە هەولێریش ئامادە بوو، باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق ستاییشی فەرهەنگی پێكەوەژیان و تەبایی نێوان پێكهاتە ئایینی و جیاجیاكانی هەرێمی كوردستانی كرد و دەستخۆشی لە دامودەزگا و دامەزراوەكانی هەرێم كرد بۆ پاراستنی ئەو پێكەوەژیانەی لە هەرێمی كوردستاندا هەیە.
لەو دانیشتنەدا ڕەهەندە گشتییەكانی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریكا و عێراق تاوتوێ كرا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پابەندبوونی وڵاتەكەی بە یارمەتیدانی عێراق و هەرێمی كوردستان و هەروەها پاڵپشتیكردنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان و برەودانی پەیوەندیی نێوان وڵاتەكەی و هەرێمی كوردستان لە بوارەكانی كولتووری و ئاكادیمی و ئابووری دووپات كردەوە.
هەر لەو كۆبوونەوەیەدا ڕۆشنایی خرایە سەر پڕۆسەی سیاسیی و ژیان و باری گوزەرانی هاووڵاتیانی عێراق و تەحەددیاتی بەردەم هەڵبژاردنەكانی داهاتووی عێراق و، هەروەها بیروڕاش لەبارەی قۆناغی دوای هەڵبژاردنەكانی عێراق و پەیوەندیی نێوان لایەنە كوردستانییەكان و لایەنە عێراقییەكان ئاڵوگۆڕ كرا.