مەسرور بارزانی: هەوڵەكانمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش

لە ساڵیایدی کۆمەڵکوژکردنی ئێزدییەکان لەلایەن داعشەوە، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردەوە و وتی “جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان”.

دەقی پەیامەکە

ئەمرۆ حەفتەمین ساڵیادی هێرشی دڕندانەی تیرۆریستانی داعشە بۆ سەر خوشک وبرایانی ئێزدی لە شنگال و دەوروبەری، كە بەوهۆیەوە هەزاران كەس لە دانیشتووانی ئەو دەڤەرە، کۆمەڵکوژ و بێسەروشوێن و ئاوارە كران.

جینۆسایدی ئێزدیيان ، تاوانێكی ئەوەندە دڕندانەیە کە هەمیشە لە ویژدانی گەلی کوردستان و مرۆڤایەتی دەمێنێتەوە، بۆیە پێویستە بەردەوام بە ڕێز و شکۆوە یادی قوربانییانی ئەو کۆمەڵکوژییە بکەینەوە . هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی قوربانیدانەکانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان لە ڕزگارکردنی شنگال بە ڕابەرایەتی سەرۆک مەسعود بارزانی دەکەینەوە .

لەم یادە خەمناكەدا، دووپاتی دەكەینەوە، حكومەتی هەرێمی كوردستان، بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ گەڕاندنەوەی سەربەرزانەی خوشک و برا ئێزدییە ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان و کارکردن لە گەڵ حکومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، لە پێناو ئاوەدانکردنەوەی شنگال و دەڤەرەکانی دیکەی خوشک و برا ئێزدییەکان.

هەروەها جەخت لە گرنگی جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەکەینەوە بۆ زەمینەخۆشکردن بۆ ئەوەی ئاوارەكان بە شێوەیەکی سەربەرزانە، بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان و دەڤەرەکەش ئاوەدان بکرێتەوە. لە هەمانکاتدا هەوڵەكانیشمان زیاتر چڕ دەكەینەوە بۆ دادگاییكردنی تاوانبارانی داعش و هاوكارەکانیان و ئاشكراكردنی چارەنووسی تەواوی بێسەروشوێنكراوان .

سەری رێز و نەوازش بۆ شەهید و قوربانییانی کۆمەڵکوژی شنگال و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین.

مەسرور بارزانی

سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر