نرخی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان دیاری کرا

نرخی سه‌عاتێك ئەمپێری کارەبای موەلیدە ئەھلییەکان له‌ ناو شاری سلێمانى بۆ مانگی ته‌مموز(7) دیاری كراو پێدانی كاره‌بای مۆلیده له‌م مانگه‌شدا‌ (24) كاتژمێریی ده‌بێت و له‌و ماوه‌یه‌دا هه‌ركاتێك كاره‌بای نیشتیمانی ببڕێت كار به‌ مۆلیده‌كان ده‌كرێت.
ئەمڕۆ دوو شه‌ممه‌ (2021.8.2) لیژنەی دیاریکردنی نرخی موەلیدە ئەھلییەکانی سلێمانی نرخی كاره‌بای موەلیدە ئه‌هلييه‌كانی بۆ مانگی (حه‌وت) دیاریكرد، كه‌له‌سه‌ر بنه‌مای‌ نرخی سوته‌مه‌نی له ‌بازاڕه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كاتژمێره‌كانی كاركردن دیاریكراوه‌.
به‌پێی كۆنووسی كۆبونه‌وه‌كه‌ كاركردن و ته‌رخانكردنی كاره‌با له‌لایه‌ن موه‌لیده‌ ئه‌هلییه‌كانه‌وه‌ بۆ هاوڵاتیان له‌ مانگی (حه‌وت)دا له‌نێوان (285) بۆ (315) سه‌عاتدا و هه‌ر سه‌عاتێكی به‌ (43.1) چل وسێ پۆینت یه‌ك دینار بووه‌،‌ به‌مه‌ش نرخی یه‌ك ئه‌مپێڕ كاره‌بای موه‌لیده‌ی ئه‌هلی له‌ ناوشاری سلێمانی بۆ ئه‌و مانگه‌ له‌ نێوان (12) دوانزه‌ هه‌زار بۆ (13500) سیازده‌ هه‌زار و پێنج سه‌د دیناردا ده‌بێت‌، هه‌ربۆیه‌ به‌هۆی جیاوازی كارپێكردنی موه‌لیده‌كان‌ له‌گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌، نرخی ئه‌مپێڕێك كاره‌بای موه‌لیده‌ی گه‌ڕه‌كێك بۆ گه‌ڕه‌كێكی دیكه‌ جیاواز ده‌بێت.
سه‌رۆكی لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانی قائیمقامیه‌تی سلێمانیش رایگه‌یاند: له‌ مانگی رابردوودا ژماره‌یه‌ك مۆلیده‌ له‌ ناوشاری سلێمانی له‌كاركه‌وتن، به‌ڵام ناچاركران به‌ دابینكردنی مۆلیده‌ی تر و رێگه‌ نه‌درا بۆ ماوه‌یه‌كی زۆر هاوڵاتیان بێ كاره‌با‌ بن و خاوه‌نی ئه‌و مۆلیدانه‌ش رێكاری پێویستیان به‌رامبه‌ر گیراوه‌ته‌به‌ر.
داوایكرد له‌كاتی هه‌ر گله‌یی و گازنده‌یه‌ك له‌ هه‌ر مۆلیده‌یه‌ك، هاوڵاتیان په‌یوه‌ندی به‌ ژماره موبایلی 07701363679 بكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌دواداژونی بۆ بكرێت.

ھەواڵی زیاتر