ئەمڕۆ پێنجشەممە 2020/7/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە کەریم ئەحمەد خان، ڕاوێژکاری تایبەت و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش ( يونيتاد UNITAD ) کرد.
لە دیدارەکەدا گفتوگۆ دەربارەی ئامادەکارییەکانی دادگاییکردن و بە سزاگەیاندنی تاوانبارانی ڕێکخراوی داعش کرا و ڕاوێژکاری تایبەتی و سەرۆکی تیمی لێکۆڵینەوەی نێودەوڵەتی لە تاوانەکانی داعش، تیشکی خستە سەر ڕێکارە یاسایی و تەکنیکییەکانی دادگاییکردنی “تاوانبارانی” داعش لە سەر ئەو تاوانانەی بەرامبەر مرۆڤایەتی ئەنجامیان داوە . بە تایبەتی پرۆسەی کۆکردنەوەی بەڵگە و بە دیجیتاڵکردنی ئەرشیڤی تاوانەکانی داعش . سوپاسی هەماهەنگیی و پشتیوانیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی لە مبارەیەوە کرد.
هاوکات مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان جەختی لە گرنگیی خێراترکردنی ڕێکارەکانی دادگاییکردنی تاوانبارانی داعش کردەوە، چونکە ئەم دادگاییکردنە هەنگاوێکی گرنگە بۆ هێنانەدی دادپەروەری و ڕێگریکردن لە دووبارەبوونەوەیان لە داهاتوودا.
وتیشی” ئێمە ئامادەیی هەر هاوکاریی و هەماهەنگییەکین و پێویستە هەرێمی کوردستانیش، بەشدارییەکی کارای لە بەڕێوەچوونی ئەو دادگا نێودەوڵەتییە هەبێت، چونکە هەرێم لە شوێنەکانی دیکە زیاتر بووەتە قوربانی دەستی تاوانبارانی داعش”