شوان داودی لە ڕاگەیاندنی یەکێتی دەرکرا

شوان داودی، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق و بەرپرسی پێشووی ڕاگەیاندنی یەکێتی لە کەرکووک، لە نامەیەکدا دانی بەوەدا نا کە دەرکراوە.

دەقی نامەکەی:

برا و هەڤاڵی بەڕێزم کاک حەمە سور دوشیوانی
لێپرسراوی مەڵبەندی دووی (ی. ن .ک)

سڵاوي خەبات و خۆڕاگری
من لە سەر تەکلیف و پشتیوانی بەڕێزت ئەرکی سەرپەرشتیاری دەزگای میدیایی کەرکوکم وەرگرت و لە 2020/9/17 دەستبەکار بووم و دوێنی 2021/7/17 فەرمانی دەرکردنم لە مەکتەبی ڕاگەیاندنەوە دەرچوو وەک یەکەم کەس لە پاکتاو کردنی دوای روداوەکانی 8 ی تەمموز لە شاری کەرکوک ولە حزب و لە ڕاگەیاندنش ..
ئەمڕۆ 2021/7/18 ئەستۆ پاکیم کرد و دەستاودەستی ئەرکەکەم کرد کە جگە لە خزمەت هیچ پلەو پۆست و ئیمتیازێکی تێدا نەبووە بۆم ..
بە هەرحاڵ لە ماوەی 10 مانگی رەبەقی کاری سەخت، سەرباری ئەو هەموو ململانێ و ئاستەنگە حزبی و سیاسی و هونەری و تەکنیکی و مادیانە روبەرومان کرایەوە ..توانیمان سەرکەوتوو بین لە گەڕانەوەی حورمەت بۆ کەناڵەکە و بینەرێکی زۆرمان لە سەرتاسەری کوردستان لە گەڵی ئاشت کردەوە …رادێۆمان خستەوە کار و سایتمان دروست کردو پەیچمان بەهێز کردەوە و گۆڤارمان دەرکرد و توانیمان بودجەی کەناڵەکە بۆ سێ جاران زیاد بکەین و دەوام ڕێک بخەینەوە و تواناکان بە گڕ بخەین و چەند ستودێویەکی مۆدرین دروست بکەین و سیستمی دەنگ چاک بکەین و کۆمپیوتەر و کامیراکانی کەناڵەکە تازە بکەینەوە تەلەفیزیۆنەکە بکەینەوە 24 کاتژمێر و سیستەمی هەواڵ بەکوردی و عەرەبی ڕێکبخەینەوە و دەیان بەرنامەو و بابەتی جۆراو جۆر و ڕێپورتاز و فیچەر بە بەکوردی و عەرەبی بەرهەم بێنین بەشێکی زۆری ژوورەکانی بەش و یەکەکان تەعمیر بکەینەوە …و زۆر شتی تریش کە لێرە جێگایان نابێتەوە …
وێڕای سوپاس و پێزانینی زۆرم بۆ بەشێکی زۆری کادر و کارمەندانی دەزگای میدیایی کەرکوک کە هاوکارم بوون ، لێرەدا دەمەوێ وەک راستیەکی مێژویی و ئەرکێکی ئەخلاقی ئەوە دووپات بکەمەوە کە بەڕێزتان پشکی شێرتان بەر دەکەوێ لەو سەروەری ئەو دەسکەوتانە چونکە هەموو بە پشتیوانی و پشتگیری بەڕێزتان و مەڵبەندە تێکۆشەرەکەتانەوە بەدەستهاتووە بۆیە جێی خۆیەتی سوپاسی ئەو هەموو پشتوانیەت بکەم و گەر خوای گەورە بایی ئەوە تەمەنمان بدا لە کتێبێکدا ئەزمونی ئەو 10 مانگە بڵاو دەکەمەوە ..جارێکی تر سوپاس بۆ بەرێزتان هەمیشە سەربەرز و سەرکەوتوو سەرفراز بن.

شوان داودی
2021/7/18

ھەواڵی زیاتر