ھێڵی شەمەندەفەر لە ھەرێمی کوردستان دروست دەکرێ

بە مەبەستی جێبەجێکردنی پڕۆژەی ھێڵی ئاسن لە ھەرێمی کوردستان، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ھەنگاوی کرداری دەنێت و کۆبوەنەوەیەکی گرنگ لەگەڵ کۆمپانیای(deutsche bahn )ی ئەڵمانی ئەنجامدەدات.

ڕۆژی چوارشەممە، شاندی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە سەرۆکایەتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن کۆبونەوەیەکیان لە بارەگای سەرەکی کۆمپانیای (deutsche bahn )ی ئەڵمانی لەگەڵ بەرپرسانی ئەو کۆمپانیایە بەسەرپەرشتی ئەندریەس ڤیگەریف، بەڕێوەبەری گشتی بەبازاڕکردنی ئەوروپی و ئەندازیاری راوێژکار و ڤێنسیت فەن هاوتن،
بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیا لە (ئەوروپا و رۆژهەڵاتی ناوەڕاستی نزیک) و یۆغگ ماغین هاگن، بەڕێوەبەری گشتی خزمەتگوزاری گواستنەوەی ڕاستەوخۆ و تاریق ئەلیاس، بەڕێوەبەری تەندەرکردن و بەرهەم هێنان لە کۆمپانیاکە ئەنجامدا، بۆ گفتوگۆکردن سەبارەت بە دروستکردنی ھێڵی ئاسن لە ھەرێمی کوردستان.

لە کۆبونەوەکەدا گفتوگۆ لەبارەی سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆژەکەو چۆنێتی جێبەجێکردنی کرا، بەتایبەت دوای تەواوکردنی کەڵکی ئابوری پڕۆژەکە دەست دەکرێت بەقۆناغی دیزاینکردنی پڕۆژەکەو گفروگۆردن لەبارەی لایەنی جێبەجێکاری پڕۆژەکەو دابینکردنی بودجەکەی.

بڕیارە لەئایندەیەکی نزیکدا یاداشتی لێکتێگەیشتن لەنێوان ھەردولا ئیمزا بکرێ لەبارەی ئەو خاڵانەی لە کۆبونەوەکەی ئەمرۆ لەسەر رێککەوتون، بۆ ئەو مەبەستەش بە فەرمی داوەتنامە ئاراستەی کۆمپانیاکە کرا، کە ئەوەش دەبێتە بناغەی کاری ھاوبەشی کۆمپانیا لەگەڵ حکومەتی ھەرێم و وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.

ھەریەکە لە ئاگرین عەبدوڵا عەزیز، بریکارى وەزارەتى ئاوەدانکردنەوەو سۆزی نوری، راوێژکاری وەزارەت و د.ئارێز محەمەد، راوێژکار و بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک بەوەکالەت یاوەری شاندی وەزارەت بون بە ئامادەبونی کاروان سەلام ھەماھەنگکاری پڕۆژەکە.

لە چوارچێوەی هەوڵەکان بۆ بەئەنجام گەیاندنی پڕۆژەی هێڵی شەمەندەفەر لە هەرێمی کوردستان، لە سەردانێکی فەرمیدا رۆژی سێشەممە ٢٠٢١/٧/١٣ وەفدێکی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بە سەرۆکایەتی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن گەیشتنە وڵاتی ئەڵمانیا.

ھەواڵی زیاتر