هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکەی لاهور جەنگی

لە سلێمانی هێزێکی ئەمنی هەڵیکوتایە سەر کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی، بەشێک لە کارمەندانی دەستبەسەرکراون و هەندێک لە کەلوپەلەکانیشیان شکێنراوە. 

سەرچاوەیەک لەنێو کەناڵەکە رایگەیاند، “ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە هێزێکی ئەمنی هێرشیان کردووەتە سەر کەناڵی (ئای پڵەس IPLUS)ی و بەشێک لە کەلوپەلەکانییان شکاندووە، زیانیان بە باڵەخانەکە گەیاندووە و چەند کارمەندێکیشیان دەستبەسەرکردووە.” 

ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەدا کە “بەشێک لە کەلوپەلەکانیان لەگەڵ خۆیاندا بردووە و دەستیان بەسەر چەند کەیسێک و کەلوپەلی کۆمپیوتەردا گرتووە و دەرگای چەند ژوورێکیان شکاندووە، لەوانە ژووری بەڕێوەبەری گشتیی کەناڵەکە.”

 لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو سەرچاوەیە گوتی، سەرەتا داوایان لە کارمەندەکان کردووە بچنە دەرەوە و ئەوانیش رازی نەبوون و پاشان هێرشیانکراوەتە سەر، “تاوەکو ئێستاش بەرپرسی کەناڵەکە و چەند کارمەندێک دەستبەسەرکراون.” کەناڵەکەی لاهوور شێخ جەنگی نووسینگەی سەرەکیی لە سلێمانییە و دەکەوێتە سەر شەقامی 60 مەتری، کەناڵەکە تاوەکو ئێستا دەستی بە پەخش نەکردووە.

  • رووداو

ھەواڵی زیاتر