تێکۆشەرانی ئاڵای شۆرش بۆ لاھور: ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوو

ئاڵای شۆرش وەڵامی لاھور شێخ جەنگی دەداتەوە و دەڵێت: ھێزی ئاڵای شۆرش، ھێزیکی تۆلەسێن نەبوو.

دەقی پەیامەکە:

ئاڵای شۆڕش خەنجەری ژەهراوی نەبوو!
پەیامی تێکۆشەرانی ئاڵای شۆڕش، بۆ بەڕێز لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان.

کەرتبوون و جیابوونەوە و تەڵەزم لێکەوتنەوە، دیاردەیەکی دیاری نێو مێژووی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانە.
جیابوونەوەی بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان، پاشی کەرەساتی هەکاری، تەلاری ڕێکخراوەییی یەکێتیی لە سەرەوە بۆ خوارەوە شەق کرد و شەڕە خوێناوییەکانی نێوانی ئەم دوو هێزە، سەدان کادری کردنە قوربانی و یەکێتی و بزووتنەوەکەی لاواز کرد.
ڕەوتی ناڕازی و ئازادیویستی نێو دەروونی کۆمەڵە، ڕەوتێکی دیموکراتخواز و ڕیفۆرمیستی نێو کۆمەڵە و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بوو، کە سیاسەتی نادیموکراتی و دژەئازادیی سەرکردەکانی کۆمەڵە و یەکێتی، بە زۆر و زەبروزەنگ، لە تەلاری یەکێتی وەدەریان نا، بەشێک لە سەرکردەکانی زیندانی کران و پۆلێک پێشمەرگەی تێکۆشەریان لێ شەهید کرد.
ئاڵای شۆڕش، هێزێکی تۆڵەسێن نەبوو، یەک پێشمەرگەی یەکێتیش بە دەستی ئاڵای شۆڕش شەهید نەکرا و دەیشیتوانی بیکات!
ئاڵای شۆڕش تێشە و خەنجەری ژەهراوی نەبوو، ئەوە سیاسەتی ئەوساتی کۆمەڵە و یەکێتی بوو کە خەنجەری لە پشتی یەکێتی دا و سەدان کادر و پێشمەرگەی دڵسارد کردەوە و ڕیزەکانی شۆڕشیان پێ بەجێ هێشتن!
پاشی ڕاپەڕین، سەرکردە و کادرە دیارەکانی ئاڵا، لەگەڵ یەکێتی یەکیان گرتەوە و جێپەنجەی تێکۆشانی ئەوان لە سیاسەتی یەکێتیدا دیار و بەر چاوە!
ئەوی لە هەوڵی ڕووخاندن و لووشدانی یەکێتیدا بوو، ڕەوانشاد نەوشیروان مستەفا و هەڤاڵەکانی بوون کە بزووتنەوەی گۆڕانیان دامەزراند و یەکێتییان دووکەرت کرد و هێز و گوڕ و تینیان لێ زەوت کرد.
ئەوە گۆڕان بوو کە یەکێتی و هێزی دەڤەری سەوزی لاواز کرد و تەرازووی هێزی لە کوردستاندا لاسەنگ کرد، کەچی هاوسەرۆکی بەڕێز لاچاوێکی تێ نەگرتووە!
ئێمەی تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش، لە ململانێی ئێستای یەکێتیدا شوێنێکمان نییە و نایشمان بێت، بەڵام داکۆکی لە مێژووی خەبات و تێکۆشانی خۆمان دەکەین، مێژوویەک کە شانازی پێوە دەکەین و دەستبەرداری نابین… خەباتێک کە لە پێناوی بزووتنەوەی چەپی کوردستان و خەڵکی بەشمەینەتدا بووە و هیچ مەبەستێکی تایبەتی بنەماڵەیی و کەسەکیمان نەبووە.
لە پاش کارەساتی هەکاری و لاوازبوونی یەکێتی، ئەوە ئەو سەرکردە و کادرانە بوون کە پاشتر ناوی ئاڵایان لێنان و زیندانی و پەرتەوازەیان کردن، لە سەرتاسەری کوردستاندا، ڕێکخراو و هێزە چەکدارییەکەی یەکێتییان ساز دایەوە!

تێکۆشەرانی دێرینی ئاڵای شۆڕش
11ی تەمووزی2021

ھەواڵی زیاتر