سندوقە رەشەکەی لاهور جەنگی چۆن بوو بەپیاوی بافڵ تاڵەبانی؟

چەند ڕۆژێکە گرژییە ناوخۆییەکانى ناو یەکێتى نشتیمانى کوردستان لەسەر گۆڕینى پۆستى بەرێوەبەرى دەزگاى زانیارى و دەزگاى دژە تیرۆر بەردەوامى هەیە، ئەو کەسەى کە (لاهور شێخ جەنگى) رێگرى لێدەکات بکرێتە بەرێوەبەرى دەزگاى دژە تیرۆر پێشتر کەسی باوەڕپێکراوی خۆى بوە، بەڵام لەڕوداوێکدا لاهور شێخ جەنگی پشتى تێدەکات و بافڵ تاڵەبانیش ئەمە دەقۆزێتەوەو دەیکاتە کاندیدى خۆى بۆ بەڕێوەبردنى دەزگاى دژە تیرۆر.
بەپێی زانیارییەکانى بوار نیوز کە لە کەسێکى نزیک لە (وەهاب هەڵەبجەیی) دەستیکەوتوە. ئەوە خراوەتەڕو، وەهاب هەڵەبجەیى یەکێک بوە لەکەسە زۆر نزیک و متمانە پێکراوەکانى (لاهور شێخ جەنگى) هاوسەرۆکى یەکێتى و بەسندوقى ڕەشى لاهور شێخ جەنگى ناسراوە، بەڵام پێش نزیکەى پێنج مانگ لەمەوبەر وەهاب هەڵەبجەیى لەگەڵ ئەفسەرێکى باڵاى ناو دژە تیرۆر بەناوی سیروان لەسەر بابەتێک دەبێتە دەمەقاڵەیان و بە تەلەفۆن هەڕەشەو هێرشدەکەنە سەر یەکترى، تا دەگاتە ئەوەى ئەو ئەفسەرە باڵایەى دژە تیرۆر بە (وەهاب هەڵەبجەیى) دەڵێت ئەگەر پیاوى و شانازى بەخۆت دەکەى وەرە بۆ دەزگاى دژە تیرۆر لەوێ یەک دەبینین، وەهاب هەڵەبجەیش بەپشت بەستن بە پشتیوانى لاهور شێخ جەنگى بەو ئەفسەرە دەڵێت ئەوە من چاوەڕێتم تۆ وەرە.
کاتێک ئەفسەرە باڵاکەى دژەتیرۆر لەگەڵ هێزێکى 30 کەسى دەگەنە بارەگاى دژەتیرۆر لەلایەن وەهاب هەڵەبجەیى و ئەو کەسانەى لەگەڵیدا بون سەرجەمیان چەک کراون و ئەفەسەرە باڵاکەى دژەتیرۆریش لەئۆتۆمبێلەکەى دەهێنێتە خوارەو (تفێک)ى تێدەکات و پێى دەڵێت ئەوەت ویست پێت بکەم دەبڕۆ ملت بشکێنە، بەڵام ئەفسەرەکە وەڵامى دەداتەوەو پێى دەڵێت ئەمەت بەسەردا تێناپەڕێت، لەو کاتەدا وەهاب هەڵەبجەیى دەستدەداتە دەمانچەکەی و فیشەکێک دەنێت بە قاچى ئەو ئەفەسەرە باڵایەى دژەتیرۆرو بەسەختی بریندارى دەکات.
دواى ئەم ڕوداوە کێشەکە ڕوبەڕوى لاهور شێخ جەنگى دەکرێتەوە بۆ ئەوەى چارەسەرى بکات، بەڵام سەرەتا بە وەهاب هەڵەبجەیى دەڵێت من حەقم بەسەر ئەم کێشەیەتەوە نییەو بڕۆ بۆخۆت چارەسەرى بکە. لەهەمان کاتدا لاهور شێخ جەنگی بڕیار دەدات بۆ ماوەى شەش مانگ (وەهاب هەڵەبجەیی) لە دەزگاى دژەتیرۆر سڕ بکرێت و هەمو بەرپرسیاریەتییەکى لێوەبگیرێتەوە.
لاهور شێخ جەنگی ئەم بڕیارانە لە کۆبونەوەیەکى ئەفسەرە باڵاکانى دژە تیرۆر ڕادەگەیەنێت، بەڵام زۆرێک لەئەفسەرەکان بەم بڕیارە نیگەران بون و تەنانەت یەکێک لەئەفسەرەکان هەستاوەتەوەو بە لاهور شێخ جەنگى وتوە بەو بڕیارە ناڕازین و وەهاب هەڵەبجەیى هیچ هەڵەیەکى نەکردوە، لە وەڵامدا لاهور شێخ جەنگى بە ئەفسەرەکە دەڵێت “ئەگەر تۆش هەڵەبجەیت” با وەک وەهاب مامەڵەت لەگەڵ بکەم، بەڵام ئەفسەرەکە دەڵیت نەخێر من خەڵکى ڕانیەم.
دواى ئەوەى وەهاب هەڵەبجەیى لەوە دڵنیا دەبێتەوە کە لاهور شێخ جەنگى پشتى تێدەکات و تەنانەت هەوڵیش دەدات سزاى بدات.
لەهەمان کاتیش ئەو ئەفسەرەی ئەو برینداری کردوە دۆخی تەندروستی رۆژ لەدوای رۆژ خراپتر دەبێت و ئەو کەسەش بەکەسێکی زۆر نزیک لە بافڵ تاڵەبانی ناسراوەو لەرێگەی بافڵ تاڵەبانیشەوە ئەو ئەفسەرە لەدادگا سکاڵا لەسەر وەهاب هەڵەبجەیی تۆمار دەکات.
سەرەتا وەهاب هەڵەبجەیی هەوڵ دەدات لەڕێگەى (تەحسین میرزا حەسەن) سەرۆک عەشیرەتى نەورۆڵی کە یەکێکە لە عەشیرەتە گەورەکانى ناو هەڵەبجەو وەهاب هەڵەبجەیى بۆ خۆى نەورۆڵییە داوا لەلاهورشێخ جەنگى دەکرێت کە وەهاب بەکوڕى خۆى بزانێت و کێشەکەى بۆ چارەسەر بکات، بەڵام وەڵامى ئەو داواکارییەى سەرۆک عەشیرەتى نەورۆڵى نادرێتەوە، بۆیە بەناچارى وەهاب هەڵەبجەیی پەیوەندی بەماڵی مام جەلالەوە دەکات و لەرێگەی کەسێکەوە دانیشتنێک لەنێوان وەهاب هەڵەبجەیی و بافڵ تاڵەبانی رێکدەخرێت. لەو دانیشتنەدا وەهاب دەڵێت تۆ ئەم کێشەیەم بۆ چارەسەر بکە لەگەڵ سیروان ئەوا منیش لەبەرامبەر ئەوەدا تەواوی هێزەکانی دژە تیرۆر دەخەمە بەردەستت. بافڵ تاڵەبانیش ئەمە بە دەرفەتێکى زێڕین دەزانێت بۆ کۆتایی هێنان بەڕۆڵی لاهور شێخ جەنگی لەناو دەزگای دژە تیرۆر کە شادەماری هێزی لاهور شێخ جەنگی بو لەناو یەکێتی. لەو دانیشتنە بافڵ پێی دەڵێت کێشەکەت بۆ چارەسەر دەکەم و تۆش دەکەم بەبەرپرسی دەزگای دژە تیرۆر.
بەشێکی پلانەکانی بافڵ تاڵەبانی بۆ گۆڕانکارییە ئەمنییەکان لەدوای ئەو دانیشتنە دەست پێدەکەن.

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر