کێشە ناوخۆییەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەرەو یەکلایی بوونەوە دەچن و بەپێی دەرەنجامە سەرەتاییەکان، لاهور جەنگی، دۆڕاوی نێو گەمە سیاسییەکەیە.
باڵکێش زانیویەتی، هەوڵی سەرکردە دێرینەکانی یەکێتی بۆ کۆکردنەوەی هەردوو هاوسەرۆک سەرکەوتوو نەبووە و بافڵ تاڵەبانی ئامادە نەبووە لەگەڵ لاهور جەنگی کۆببێتەوە.
بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش، لە هەوڵی گۆڕانکارییە ناوخۆییەکانی یەکێتیدا، ئێران و ئەمریکاش پاڵپشتی لە بافڵ تاڵەبانی دەکەن، بەجۆرێک بافڵ تالەبانی بە سەرکردەکانی یەکێتی ڕاگەیاندوە، کە ئەو گۆڕانکارییەک لە سەرەوەی دەسەڵاتی ئەوەوەن.
یەکێک لەو هۆکارانەی وایکردووە کە ئێران پشتگیری لە بافڵ تاڵەبانی بکات، ڕاپۆرتەکەی یاهوو بوو، کەتێیدا ئەوەی ئاشکراکرد کە بەرپرسێکی سەربازی سەر بە لاهور جەنگی، لە کوشتنی قاسم سلێمانیدا بەشداربووە. هەروەها لەبەرئەوەی لاهور جەنگی ڕێگرە لە یەکخستنەوە هیزەکانی پێشمەرگە و گەڕانەوەی یەکەی 70ی یەکێتی بۆ ژێر چەتری وەزارەتەکە، ئەمریکا پاڵپشتی لە بافڵ تاڵەبانی دەکات، چونکە ئەمریکا زۆر بە جدی کار بۆ یەکخستنەوەی پێشمەرگە دەکات.
بڕیاری گۆڕینی بەرپرسی دەزگای زانیاری و دژە تیرۆر جێبەجێکراوە و محەمەد وەهاب هەڵەبجەیی و ئەژی ئەمین لە پۆستەکان دانراون کە سەر بە بافڵ تاڵەبانین.
هەروەها بەپێی زانیارییەکانی باڵکێش گۆرانکارییەکان بەمانە کۆتاییان نایەت و مۆڵەت بۆ تاقمی سەر بە لاهور جەنگی دانراوە کە سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن و پەیجەکان رادەستی یەکێتی بکەنەوە، ئەگینا لە 10 ڕۆژی داهاتوودا دادەخرێن.
هەروەها، دوای گۆڕانکارییەکان لە دەزگای زانیاری و دژەتیرۆر، دەروازە سنوورییەکان دەخرێنەوە ژێر دەستی یەکێتی و لەژێر دەستی لاهور جەنکی دەردەهێنرێن.
باڵکێش ئەوەی زانیوە، کە یەکێتی بە سەرۆکایەتی بافڵ تاڵەبانی، بە نیازە پلنیۆمێک ببەستێت و لەو پلنیۆمەدا سیستەمی سەرۆکایەتی یەکێتی بگێڕنەوە بۆ سەردەمی پێش کۆنگرە و بافڵ ببێتە سکرتێری گشتی و پۆستی هاوسەرۆک لە لاهور وەربگیرێتەوە.
ئەو پۆستانەی کە بڕیارە گۆڕانکاریان تێدا بکرێ ئەمانەن بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی، ئاسایشی گشتیی سلێمانی، ئاسایشی سلێمانی، فڕۆکەخانەی سلێمانی و دەروازە سنووریەکان