مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە ھەولێر دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە 11ی تەمموزی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە رۆبەرت پالادینۆ کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا لە هەولێر کرد.
لە دیدارەکەدا کە ڕۆب واڵەر کونسوڵی گشتیی پێشووی ئەمەریکا ئامادەی بوو ، سەرۆکی حکومەت پیرۆزبایی دەستبەرکابوونی لە کونسوڵی گشتیی نوێی ئەمەریکا کرد و ئامادەیی حکومەتی هەرێمی کوردستانیشی بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەکی پێویست دەربڕی، هەروەها سوپاسی کونسولی گشتی پێشووی کرد و هیوای سەرکەوتنی بۆ خواست لە ئەرکی تازەیدا.
کونسوڵی گشتیی نوێیی ئەمەریکا لە هەولێر ، جەختی لەوە کردەوە کە هەرێمی کوردستان ، هاوپەیمانێکی ستراتیجی ئەمەریکایە لە ناوچەکەدا و وڵاتەکەی بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هەرێمی کوردستان ، بەتایبەتی هێزی پێشمەرگە. گوتیشی کاردەکەین بۆ پەرەپێدانی زیاتری وەبەرهێنانی ئەمەریکی لە هەرێمی کوردستان.
پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدرالی و هەڵبژاردنەکانی داهاتووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق و دایەلۆگی ستراتیجی ئەمەریکا و عێراق و گرنگیی بەشداری کارای هەرێمی کوردستان لەو دایەلۆگەدا ، چەند تەوەرێکی دیدارەکە بوون.

ھەواڵی زیاتر