لە ئێوارەى رۆژى پێنج شەممەوە، سلێمانى کەوتووەتە ناو دۆخێکى نائاساییەوە، دۆخێک کە بە کودەتاى سپى ناودەبرێت بۆ تهسلیمكردنی یهكێتی و سلێمانی به پارتی، کە لە ئەگەرى سەرکەوتنى کاریگەرى بەرچاوى دەبێت لەسەر داهاتووى ئەم سنورە و ژیان و گوزەرانى خەڵکەکەى.
سەرەتاى ئەم رووداوانە لەوەوە دەستیپێکرد کە بڕیاردرا بە گۆڕینى بەرپرسى دەزگاى زانیارى، کە بەپێى زانیارییەکان ئەم گۆڕانکارییە هەستیارە بە بڕیارێکى کتوپڕ و لەناکاو بووە و بەبێ گەڕانەوە بۆ سەرکردایەتى و مەکتەبى سیاسى یەکێتى دراوە .
ئەم بڕیارە کتوپڕ و لەناکاوە کە بافڵ تاڵەبانى و قوباد تاڵەبانى لە پشتییەوە بوون، دۆخەکەى ئاڵۆز کرد، سەربارى ئەوەش هەوڵیاندا بە جوڵاندنى هێز بڕیارى گۆڕانکارییەکان جێبەجێ بکەن و هێزیان بردە سەر دەزگاى زانیاریی کە هەستیارترین دەزگاى یەکێتییە و سەرۆکى دەزگاکە و راوێژکارێکیان بۆ ماوەى نزیکەى 24 کاتژمێر دەستبەسەرکرد .
لە سەرەتاى ئەم رووداوانەوە تائێستا چەندین زانیاریی باس دەکرێن، دەوترێت کێشەکان چارەسەربوون، یان بڕیارى گۆڕانکارییەکان راگیراون، بەڵام بەپێى ئەو زانیاریانەى دەست تۆڕى هەواڵى ژیان کەوتوون، تائێستاش دۆخەکە هەر وەک خۆیەتى و هیچ گۆڕانکارییەک رووینەداوە .
لاهور شێخ جەنگى هاوسەرۆکى یەکێتى نیشتمانى کوردستان، لایەنێکى سەرەکى ئەم پێشهاتانە، دەوترێت ئەم رووداوانە پلانێکە و لە دژى ئەو داڕێژراوە بە پشتیوانى دەرەکى و تەنانەت هەرێمایەتیش .
تائێستا لاهور شێخ جەنگى بە فەرمى هیچ هەڵوێستێکى لەبارەى رووەداوەکانەوە نیشان نەداوە، بەڵام بەپێى زانیارییەکانى تۆڕى هەواڵى ژیان هەر لە سەرەتاى دەرچوونى بڕیارەکانەوە تائێستاش، لاهور شێخ جەنگى سورە لەسەر ئەوەى دەبێت ئەو بڕیارانە هەڵبوەشێتەوە چونکە نایاسایین و بەزەبری هێز کراوە کە ئەوەش هەرگیز ڕێگا پێدراو نییە .
جوڵاندنى هێز بەو شێوەیەى لە ماوەى 24 کاتژمێرى رابردوودا بینرا، بە پێشهاتێکى نەخوازراو دەدانرێت چونکە لە مێژووى دامەزراندنى ئەم حزبەوە تائێستا شتى وا رووینداوە تەنانەت لە کاتى جیابوونەوەى گۆڕان لە یەکێتى کە نزیکەى نیوەى دەنگەکانى یەکێتى برد و کاریگەرى زۆرى لەسەر ئەو حزبە بەجێهێشت، مام جەلال ئامادەنەبوو هێز بەرامبەر نەوشیروان مستەفا و هاوڕێکانى بەکاربهێنێت .
هەر بۆیە ئەم بڕیارە، جەماوەرى یەکێتى نیگەران کردووە کە لایەنێک بۆ یەکلاکردنەوەى ململانێ سیاسییەکانى پەناى بردووە بۆ بەکارهێنانى هێزى چەکدار، لەکاتێکدا بڕیارى گۆڕینى بەرپرسێکى ئەمنى، هیچ پێویستییەکى بە جوڵاندنى هێز نییە .
جگە لەوانە چەندین رۆژنامەنووس و شیکەرەوەى سیاسى لە دەرەوەى یەکێتى ئاماژەیان بە بوونى دەستى دەرەکى کردووە لەم رووداوانەدا، بۆ نموونە ڕێبوار كهریم وهلی ڕۆژنامهنووسی نزیك له ناوهندی بڕیاری پارتی، دەڵێت “كودهتایهكی زهرد له زۆنی سهوز”، وهك ئاماژهیهك بۆ ئهوهی پارتی دهستی لهم كارهدا ههیه .
سلێمانى کە ماوەیەکە بە تایبەتى دواى کۆنگرەى چوارەمى یەکێتى جموجۆڵى تێکەوتەوە و لە هەوڵدایە سەنگ و قورسایی خۆى بۆ بگەڕێتەوە، رووداوى لەم شێوازە مەترسى گەورە لەسەر ئەو هەوڵانە دروست دەکات و دەبێتە مەترسیییەکى گەورە بۆ سەر شارەکەى و داهاتووى خەڵکەکەى.