سەرۆکى هەرێمى کوردستان لەگەڵ باڵیۆزى ڕووسیا کۆبووەوە

ئەمڕۆ دووشەممە 2021/7/5 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان پێشوازى لە ئیلبروس کوتراشیڤ باڵیۆزى تازەى ڕووسیا لە عێراق و شاندێکى یاوەرى کرد.

بەپێی راگەیەنراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەیەکدا نێچیرڤان بارزانى پیرۆزباییى دەستبەکاربوونى لێکرد و هیواى سەرکەوتنى بۆ خواست. هەردوولا جەختیان لە خواستى دوولایەنە بۆ برەودان بە پەیوەندییەکان و فراوانکردنى بوارەکانى هاریکارى و هاوبەشیى عیراق و هەرێمى کوردستان لەگەڵ ڕووسیا کردەوە.

باڵیۆزى ڕووسیا سەرسامیى خۆى بە پرۆسەى ئاوەدانکردنەوە و بنیاتنان و پێشکەوتنەکانى هەرێمى کوردستان دەربڕى و ئاماژەى بەوە دا کە وەزارەتى دەرەوەى وڵاتەکەى گرنگى بە پرسى کورد دەدات، هەروەها باسى لە کوردانى ڕووسیا کرد کە لە زۆر بوارى گرنگى وڵاتەکەدا کاران و خاوەن ڕۆڵ و پێگەى دیارن.

جگە لە هەڵبژاردنەکانى پێشوەختە و دۆخى عیراق بەگشتى، کۆرۆنا و هەڵمەتەکانى کوتان بە پێکوتەى دژى پەتاى کۆڤید_19، دۆخى سووریا و دوایین پێشهاتەکانى وڵاتەکە، تەوەرێکى دیکەى کۆبوونەوەکە بوو. تیایدا هەردوولا هاوڕا بوون کە دۆخى سووریا و کێشەکانى وڵاتەکە دەبێ لە ڕێگه‌ی سیاسییه‌وه‌ چارەسەر بکرێن.

ھەواڵی زیاتر