دادگا تاوانباری سوتاندنی سێوان قادری دەستنیشانكرد
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاند، بەپێی ئەو بەڵگانەی دادگا لێكۆڵینەوەی لەسەر كردوون تۆمەتباری کەیسی سوتانی سێوان قادر و منداڵەکانی تاوانبارە، بە ئەنجامدانی ئەو كارە.
عەمید سەرکەوت عومەر سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ لە راگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە،” لەگەڵ دەست بەکاربونمان لە وەرگرتنی دۆسیەی سوتانی سێوان قادر و منداڵەکانی بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵ داهەموو ڕێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی ڕوداوەکە، بۆیە بەڕای گشتی ڕادەگەیەنن هەموو بەڵگەکان گەواهی دەرن بۆ تاوانبارکردنی تۆمەتباروو دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان”.
دەقی راگەیەنراوەکە:
(کەیسی سێوان قادر ) و عەدالەت ماوەیەکی زۆرە زۆربەی دەزگا میدیایی و ڕاگەیاندنەکان پەیوەندیمان پێوە دەکەن سەبارەت بە چارەنوسی کەیسی خوالێخۆشبوان سێوان قادروو مناڵەکانی بەسیفەتی ئەوەی ئێمە سەرۆکی لێژنەی لێکۆڵینەوە بوین لەم دۆسیەیەدا،بە پێویستی دەزانم دواین قسەو سەرنجی خۆمان پێش دوا بریاری یەکلاکرەوەی دۆسیەکە لە دادگا بخەینە ڕوو.
1/لەگەڵ دەست بەکاربونمان لە وەرگرتنی دۆسیەکە و بە هەماهەنگی لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی پۆلیس چەمچەماڵ دا ،هەموو ڕێکارێکی لێکۆڵینەوەمان ئەنجام دا بەمەبەستی گەیشتن بە ڕاستی ڕوداوەکە،لێکۆڵینەوە لە ڕوداوێکی لەم جۆرەنەخشە بۆ کێشراو هێندە ئاسان نیەو ماندووبونی زۆری ویست.
2/ دوبارە ئەنجام دانەوەی هێڵکاری شوێنی ڕووداو گەران بەدوای فاکتەکانداو سەرلەنوێ ئەنجامدانی کاری تیمی بەڵگەو تاوان لە هۆکاری سەرهەڵدانی ئاگرەکە مشت و مڕێکی زۆری نایەوە.
3/پاش گۆاستنەوەی دۆسیەکە لە چەمچەماڵ وڕەوانەکردنی بۆ سلێمانی بە هەماهەنگی لەگەل تیمی دادوەری و پۆلیس ئەزمەڕ کارەکان بەرەو پێش چونی باشی بەخۆیەوە بینی ،تا گەیشتە کۆتایی ماوەیەکی زۆر تێپەڕی بەسەریدا بەهۆی ڕەوشی ئەوکات و بایکۆتی دەوامی فەرمانگەکان وچەند جارێک ڕەوانە کردنی پەڕاوەکه بۆ دادگای تەمیز لە هەولێر و سلێمانی.
4/ئێمە وەک تیمی وەزارەتی ناوخۆ هەر لەلیژنەی تایبەتمەند لەلایەن بەڕێز جەنابی وەزیرو بەڕێز بەڕێوەبەری گشتیمان ڕاسپێردراین کەدەبێت شەوو ڕۆژ بخەینە سەر یەک بەمەبەستی گەیشتن بە حەقیقەتی ڕووداوەکەو دیاری کردنی تاوابارو ئەنجامدەری تاوانەکە، ئەمە جگە لەوەی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی سلێمانی و کەرتی پۆلیسی ئەزمەڕوو دادوەری تایبەت مەند زۆر ماندوونەناسانەکاریان کرد تا ساتی ڕەوانە کردنی دۆسیەکە بۆ دادگای تاوانەکان وتەواو کردنی لێکۆڵینەوە.
ئێمە بە پێویستی دەزانین لێرەوە بەڕای گشتی ڕابگەیەنین کە هەموو بەڵگەکان گەواهی دەرن بۆ بوونی تاوان وبکەری تاوان لە دۆسیەکەدا ،هەروەا ،دڵنیاشین لە دڵسۆزی و ویژدانی بەرزی دادوەرە بەڕێزەکانی دادگای تاوانەکان زۆر لەوە دڵنیاین کە شەونخونی و ماندوبونی تیمی لێکۆڵینەوە بە زیدە ناڕوات و ئەنجامیش هەمومان لەبەردەم خواو عەدالەتدا سەربڵند ئەبین و دادگای تاوانەکانیش لە جێگەی ئەوو ووتەپیرۆزەدا دەبن کە دەفەرموێ (وآذا حكمتم بین الناس ان تحكم بالعدل).
سەرۆکی لیژنەی لێکۆڵینەوە لە وەزارەتی ناوخۆ عەمید /سەرکەوت عومەر