سەنتەری میترۆ داوا لە بەرێوەبەرێتی تەندروستی دەربەندیخان دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوان، رەخنەگرانی قەزای دەربەندیخان بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پڕە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت.
رۆژی 19ی ئایاری رابردوو كۆمەڵێك رۆژنامەنوس و چالاكوانی مەدەنی چوونە بەردەم قائیمقامییەتی قەزای دەربەندیخان (66 كم باشوری رۆژهەڵاتی سلێمانی)، بە مەبەستی خستنەرووی داخوازیییان بۆ پێشخستنی كەرتی تەندروستی لە شارەكەیان.
فەرمان عبدالرحمان حاجی چالاكوانی مەدەنی رێكخەری چالاكییەكە، لە 28ی حوزەیران پسولەی ئاگاداركردنەوەی پێگەیشتووە، داوای لێكراوە وەك “تۆمەتبار بە پێ مادەی 2ی مۆبایل لە هۆبەی لێكۆڵینەوە ئامادە بێت”
فەرمان بە میترۆی وت” ئێمە چووین بۆ دەڕبرینی نارەزایەتی لەسەر گواستنەوەی پزیشكی پسپۆری شارەكەمان بۆ سەیدساق، ئەمە داخوازییەكی رەوایە چونكە ئەو یەك پسپۆرمان لەم بوارە هەیە كە كەمە” جەختیكردەوە ” دوای ئەوە لێشاوێك لە رەخنە لە تۆرە كۆمەڵایەتییەكان نوسراوە خەڵك مافی خۆیەتی بەبێ تەشهیركردن رەخنەو داخوازی خۆی بخاتە روو”
بەهۆی نووسین و كۆمێنتی ژمارەیەك لە چالاكوان لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان، بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان سكاڵای یاسایی دژ بە خاوەنی ئەو نوسین و كۆمێنتانە تۆمار كرد.
لە بارەی تۆماركردنی سكاڵاكان، (د.سازان ئیبراهیم) بەڕێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان، بە سپێدەی راگەیاندوە، كە سكاڵای لەسەر 28 كەس تۆمار كردوە لەبەرئەوەی لەتۆڕەكۆمەڵایەتییەكان جوێن و تۆهمەو قسەیان پێوتووم” ئەو پێی وایە ئەگەر هەركەموكورتیەكی ئیداری و تەندروستی لە ئارادا بن رێوشوێنی “ئیداری و یاسایی دادگایی بكرێم” نەك بە “كۆمێنت و پۆست كردن”
بەڵام سەرچاوەیەكی تایبەت بە میترۆی وت ” ژمارەی داوا یاساییەكان لەم كەیسە لە هەڵكشاندایە ئەمرۆ 70 داوای یاسایی تێپەراند”
داوا یاساییەكان بە پێی ماددەی 2 لە ( یاسای ژمارە 6 ی ساڵی 2008)، یاسای قەدەغەكردنی خراپ بەكارهێنانی ئامێرەكانی پەیوەندی كردن لە هەرێمی كوردستان – عیراق، تۆمار كراوە. كە سزای بەندكردنی لە 6 مانگ بۆ 5 ساڵ و غەرامەی ملیۆنێك بۆ پێنج ملیۆن دیناری تێدایە.
سەنتەری میترۆ دژی هیچ كەس و لایەنێك نییە كە لە بری بەكارهێنانی توندوتیژی، پەنا بۆ دادگاكان بەرن تا كێشەكانیان لەگەڵ میدیاكاران چالاكوانان یەكلابكەنەوە، ئەمە هەنگاوێكی پێشكەوتووە بەڵام بەڵام زۆربوونی داوای یاسایی لەسەر مەسەلەیەكی دیاریكراوی وەك ئەوەی دژ بە چالاكوان و رەخنەگرانی دەبەندیخان، ئەوە بە روونی دەردەخات، بە ئامانجی فشار و بێدەنگ كردن بن.
سەنتەری میترۆ داوا لە بەرێوەبەری تەندروستی دەربەندیخان دەكات ئەو داوا یاساییانە دژ بە رۆژنامەنوس و چالاكوانانە بكشێنێتەوە، چونكە كەرتی تەندروستی پرە لە كەموكورتی و پێویستە لە ژێر چاودێریدا بێت، چاودێری و رەخنە لە كەموكورتییەكان دور لە ناوزراندن، دامەزراوەكانمان بەهێز دەكەن.
پێویستە دامەزراوەكانی حكومەت زەمینە خۆش بكەن تا كۆمەڵگەی مەدەنی و دامەزراوەكانی میدیا چاودێری بكەن هەڵەو كەموكوڕییەكان بخەنەروو گەندەڵییەكان ئاشكرا بكەن و بیخەنە بەردەم رای گشتی، یاسا نەكرێتە فاكتەری دەمكوتكردن و فشار بۆ سەر چالاكوان و رۆژنامەنوسان و دامەزراوەكانیان.