ئەمڕۆ سێشەممە 2021/6/29 نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە چوارچێوەى بەرنامەى دیدار و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانى هەرێمى کوردستاندا، سەردانى هەریەک لە پارتى کرێکاران و ڕەنجدەرانى کوردستان، حزبى شیووعیى کوردستان و حزبى زەحمەتکێشتانى کوردستانى کرد.
لە کۆبوونەوەکاندا کە مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆک ئامادەى بوو، دۆخى ناوخۆ و تەحەدییەکانى ئێستا و داهاتووى بەردەم هەرێمى کوردستان، پێشهاتەکانى عێراق بەگشتى، یەکڕیزى و نووسینى دەستوور، پەیوەندییەکانى هەرێمى کوردستان و حکوومەتى فیدراڵى عیراق، تاوتوێ کران.
لایەنە سیاسییەکان پێزانینیان بۆ ڕۆڵى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان وەک چەترى کۆکەرەوەى هەمووان و هەوڵەکانیان بۆ یەکڕیزیى نێوان لایەن و پێکهاتەکانى کوردستان دەربڕى و دووپاتیان کردەوە کە گەرەنتیى پاراستنى ماف و دەستکەوتەکانى گەلى کوردستان و تێپەڕاندنى سەختییەکان، تەبایى و یەکڕیزیى لایەن و پێکهاتەکانى کوردستانە.
وێڕاى خستنەڕووى بۆچوون و تێبینییەکانیان لەسەر تەواوى پرسەکان و دۆخەکە بەگشتى، لایەنە سیاسییەکان هەموو هاوکارى و پشتگیرییەکیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى و سەرۆکایەتى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزیدا دووپات کردەوە و هاوڕا بوون کە دەبێ هەمووان بە یەکڕیزى و تەبایى و چارەسەرى کێشەکان بە گفتوگۆ و لێکگەیشتن، ڕووبەڕووى دۆخەکە و تەحەدییەکان ببنەوە و سەقامگیریى سیاسى بپارێزرێت.
لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى دووپاتى کردەوە کە سەرۆکایەتیى هەرێمى کوردستان بە هاوکارى و هەماهەنگى لەگەڵ دامەزراوەکان و لایەن و پێکهاتەکاندا لە هەوڵەکانى بۆ یەکڕیزى و تێپەڕاندنى کێشە و قەیرانەکان بەردەوام دەبێت. بەڕێزیان سوپاس و پێزانینى بۆ پشتگیریى لایەن و پێکهاتەکان لە هەوڵ و هەنگاوەکانى سەرۆکایەتى دەربڕى و جەختى لەوە کردەوە کە هەرێمى کوردستان وەک هەمیشە بە لانەى پێکەوەژیان و پاراستنى ئازادییەکان دەمێنتێتەوە.