سلێمانی.. چوار تۆن دەرمانی ماوەبەسەرچوو لەنێوبرا

به‌هاوكاری ئاسایش و پۆلیس لیژنه‌كانی قائیمقامیه‌ت ده‌ست به‌سه‌ر زیاتر له‌ چوار تۆن ده‌رماندا ده‌گرن‌ و به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی له‌ناوده‌برێت.

ئه‌مڕۆ دوشه‌ممه‌ (2021.6.28) د.په‌رست نه‌قشبه‌ندی، ئه‌ندامی لیژنه‌ی باڵای قائیمقامیه‌تی سلێمانی رایگه‌یاند: به‌هاوكاری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كانی ئاسایش و پۆلیسی سلێمانی و له ‌شه‌ش مانگی رابردودا لیژنه‌ی هاوبه‌شی ته‌ندروستی قائیمقامیه‌تی سلێمانی و به‌هۆی خراپی و نه‌شیاوی‌ بۆ به‌كارهێنان له‌لایه‌ن هاوڵاتیانه‌وه،‌‌ له‌ كۆگاكان و ده‌رمانخانه‌كان و نۆرینگه‌كان و هه‌مو ئه‌و شوێنانه‌ی هاوڵاتیان بۆ وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ر رویان تێكردوه‌، ده‌ستیان به‌سه‌ر زیاتر له‌ چوار تۆن ده‌رمانی جۆراوجۆردا گرتوه‌.

وتیشی: به‌شێكی زۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌ی له‌لایه‌ن لیژنه‌ هاوبه‌شه‌كانه‌وه‌ ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ له‌جۆری ماوه‌به‌سه‌رچو، قاچاخ و خراپ عه‌مباركردن بون و به‌شێكی دیكه‌ی له‌ لایه‌ن به‌شی داموده‌زگا‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانییه‌وه‌ له‌ بازگه‌كان ده‌ستی به‌سه‌ردا گیراوه‌ و دواتر بۆ گرتنه‌ به‌ری رێكاری یاسایی به‌رامبه‌ر خاوه‌نه‌كانیان ره‌وانه‌ی قائیمقامیه‌ت كراوه‌.

ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه‌كرد‌، به‌فه‌رمانی قائیمقامی سلێمانی ته‌واوی ده‌رمانه‌كان له‌ ناوچه‌ی قه‌ره‌گۆل له‌ كوره‌كانی كوشتارگه‌ی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی ڤێتێرنه‌ری سلێمانی له‌ناوبراوه‌.

ھەواڵی زیاتر