قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیرانی هەرێمی كوردستان لەگەڵ قایمقام وبەڕێوبەری فەرمانگەكان و بەڕێوەبەری ناحیەكانی قەزای كۆیە كۆبووەوە و جەختیكردەوە؛ پێویستە نمونەیەكی جوانی حوكمڕانی پێشكەش بكەن و خزمەتكردنی هاوڵاتیان بكەن بە ئەولەوییەتی كاری خۆیان.
لە كۆبوونەوەكەدا لەگەڵ ئیدارەی كۆیە، ئەمڕۆ (27 حوزەیرانی 2021) قوباد تاڵەبانی، گفتوگۆی لەبارەی ڕەوشی خزمەتگوزاری و چۆنییەتی چارەسەركردنی كێشەكانی قەزای كۆیە كرد و پاش خستنەڕووی پلان و بەرنامەی حكومەت، جەختیكردەوە “دەبێت بەباشترین شێوە مامەڵە لەگەڵ هاوڵاتیان بكەن و خزمەتكردنی خەڵك بكەن بە كاری لەپێشینەی خۆیان”.
دواتر جێگری سەرۆكوەزیران لەبارەی دواپەرەسەندنەكانی دۆسییەی شایستە داراییەكانی ھەرێمی كوردستان و جێبەجێكردنی یاسای بودجەی فیدراڵی قسەی كرد و جەختیكردەوە لەسەر پابەندبوونی حكومەتی ھەرێم بە ناوەڕۆك و دەقەكانی یاساكە و ئاماژەی بەوەدا چاوەڕێن حكومەتی عێراقیش بڕیارەكەی بۆ ڕەوانەكردنی شایستە داراییەكانی ھەرێم جێبەجێ بكات.
قایمقام و بەرێوەبەری ناحیەكانی كۆیە داواكاری و كێشەكانی قەزاكەیان خستە بەردەم جێگری سەرۆكوەزیران و ئەویش لای خۆیەوە بەڵێنی دا لەچوارچێوەی بەرنامەی حكومەت كاریان لەسەر بكرێت.