لەسەر ڕاسپاردەی مەسرور بارزانی کێشەی ئاوی چەمچەماڵ چارەسەر دەکرێت

سەرۆكوەزیران بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار موافەقەی لەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان1 كردووە
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەڵێ لەسەر راسپاردەی بەڕێز مەسرور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گرفتی كەمئاویی چەمچەماڵ چارەسەر دەكرێ و بە گوژمەی زیاتر لە 7 ملیار دیناریش دەرخستە ئامادە كراوە، هەروەها دەشڵێ جەنابی سەرۆكوەزیران بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار موافەقەی لەسەر پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان1 كردووە و لە كاتی چاكسازی لەو بۆرییەدا پرۆسەی گەیشتنی ئاوی خاوێن بۆ چەمچەماڵ باشتر دەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار سەبارەت بە پلانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری چەمچەماڵ، رایگەیاند: دواى ئەوەی جەنابی كاك مەسرور بارزانی سەرۆكوەزیرانی كوردستان زانی كە شاری چەمچەمال گرفتی كەمئاوی هەیە، ئەوەبوو جەنابی ئەمری كرد بۆ چارەسەركردنی ئەو گرفتە و لیژنەیەكمان راسپارد بۆ سەردانیكردنی چەمچەماڵ، لیژنەكە بەڕێوەبەری گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ و نوێنەری سەرۆكایەیەتیی ئەنجوومەنی وەزیران و نوێنەری وەزارەتی ناوخۆی تێدابوو، ئەو لیژنەیە دیراسەتی كەمئاویان لە چەمچەماڵ كرد و دواتر ئێمە وەك وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار پلانێكمان بۆ سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران بەرزكردەوە بە مەبەستی چارەسەركردنی گرفتەكانی كەمئاوی لە چەمچەماڵ.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی تیشك دەخاتە سەر پلانەكانی چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی لە شاری چەمچەماڵ و لەمبارەیەوە دەڵێ: دیارە پلانێكی درێژخایەن پێویستی بە گوژمەیەكی گەورە هەیە، ئەو پلانەمان داناوە و دەرخستەكانیش ئامادەن، بەڵام وەك چارەسەری ئێستاكە، دەرخستەكان رەوانەی سەرۆكایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران كراون و خەریكی دیراسەتكردنن. سەبارەت بە چارەسەرە كاتییەكەش دەڵێ: چارەسەری كەمئاوی لە چەمچەماڵ بەشێوەی كاتی، لێدانی 10 بیری تازەی ئاو و راكێشانی بۆری و دروستكردنی تانكییەك بە قەبارەی 1000 مەتر سێجا و كۆمپاكت یونتێك بۆ تەسفیە و پاڵدانی ئاو و چاكسازی و گۆڕینی بۆری 900 ملم لە كانی شەیتانەوە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لەبارەی گوژمەی ئەو پلانانەوە دەڵێ: ئەوانە هەموویان گوژمەی 7 ملیار و شەشسەد و هەشتا و یەك ملیۆن دینارە و هیواخوازین لە ئاییندەیەكی نزیكدا رەزامەندی لەسەر بدرێت، جگە لەمە دەمەوێت موژدە بدەمە هاووڵاتییانی شاری چەمچەماڵ كە جەنابی سەرۆكوەزیران لەم چەند رۆژە موافەقەی پرۆژەی پەرەپێدانی هێڵی ئاوی دووكان (كۆن) كە ناسراوە بە دووكان1، كردووە بە گوژمەی 3 ملیار و 850 ملیۆن دینار و لە كاتی چاكسازی لەو بۆرییەدا بەشە ئاوی چەمچەماڵ باشتر و كاریگەری زۆر باشی لەسەر گەیشتنی ئاوی خاوێن بۆ چەمچەماڵ دەبێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار دەشڵێ ئێستا لەسەر سێ ئاست و پلاندا كار لەسەر چارەسەركردنی گرفتی كەمئاوی چەمچەماڵ دەكرێت، ئەوانیش پەرەپێدانی بۆری ئاوی دووكان1 كە بای 3 ملیار و 850 ملیۆن دینارە و هەروەها پلانی دووەمیش لێدانی 10 بیری تازە و گۆڕانكارییە لە بۆرییەكان و دروستكردنی خەزان و پلانی سێیەمیش کە پلانە درێژخایەنەكەیە بەهۆیەوە گرفتی كەمئاوی شاری چەمچەماڵ چارەسەر دەكات.

ھەواڵی زیاتر