ئەمڕۆ چوارشەممە 23ی حوزەیرانی 2021 مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە جۆن گادفرەی نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت و شاندێکی یاوەری کرد.
لە دیدارەکەدا دوایین پێشهات و گۆڕانکارییەکانی عێراق و سوریا و هەوڵە بەردەوامەکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش تاووتوێ کرا.
نێردەی تایبەتی ئەمەریکا بۆ هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش بە وەکالەت نیگەرانیی خۆی لە پەرەسەندنی هەڕەشەکانی تیرۆریستانی داعش لە هەندێک لە ناوچەکانی عێراق و سوریا دەربڕی و جەختی لە گرنگیی بەردەوامبوونی پشتگیریکردنی پێشمەرگە و سوپای عێراق کردەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو هەڕەشانە و دابینکردنی سەقامگیریی لە ناوچەکەدا. ئاماژەشی بەوەدا کە بڕیارە هەفتەی داهاتوو کۆبوونەوەیەکی تایبەتی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆمای پایتەختی ئیتالیا بەڕێوەبچێت.
سەرۆکی حکومەت وێڕای سوپاسکردنی پشتگیرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی بۆ هێزی پێشمەرگە ، کاراکردنەوەی سەنتەرەکانی هەماهەنگیی ئەمنیی هاوبەش لە نێوان پێشمەرگە وسوپای عێراقی لە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی دەسەڵاتی هەرێم، بە هەنگاوێکی گرنگ دانا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش لەو ناوچانەدا.
سەرۆکی حکومەت جەختی لە گرنگیی بەشداریکردنی شاندی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە ڕۆما کردەوە.