بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی رایگەیاند، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوو چارەسەركرا و بریندارەكانیش كە 11 كەس بوون 5یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.
مستەفا چاوڕەش، بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی ڕایگەیاند، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە لە بارەگای یەكەكانی 70، كێشەی تەقەكانی شەوی رابردوویان چارەسەر كردووە، گوتیشی “لە كۆبوونەوەكەدا نوێنەری سەرجەم هێزە ئەمنییەكان و نۆزانی كوڕی كاك شێخ جەعفەر ئامادەبوو، بە رێككەوتن و رەزامەندیی هەموویان كێشەكە چارەسەركرا و لایەنی كەمتەرخەمیش لە رووداوەكەدا رووبەڕووی دادگا و یاسا دەكرێتەوە”. لەبارەی رەوشی بریندارانی شەڕەكەش بەرپرسی یەكەی 70ی هێزەكانی یەكێتی گوتی “بەداخەوە لە شەڕەكەدا 11 كەس برینداربوون، ئێستا 5یان چارەسەركراون و نەخۆشخانەیان جێهشتووە و چارەسەری پێویستیش بۆ ئەوانی دیكە دەكرێت”.
نیوەشەوی رابردوو، لە گەڕەكی سەرچناری سلێمانی شەڕەتەقە لەنێوان دوو هێزی ئەمنیدا روویدا و بەهۆیەوە 11 كەس برینداربوون.
روداو