مەلا بەختیار، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای سیاسیو بەرژەوەندییەكانی یەكێتیی، پێشوازی لەژمارەك كەسایەتیو پیاو ماقوڵانو رۆشنبیرانی دەڤەری گەرمیان دەكاتو لەدیداریاندا، جەختدەكاتەوە: چەوساندنەوە، ژان و مامانی لەدایكبوونی دۆخ و سەردەمێكی نوێیە!
لەو دیدارەدا كە ئەمڕۆ (21/6/2021) بەڕێوەچوو، مەلا بەختیار، بەسوپاسو پێزانینەوە، لەسەردانی كەسایەتیو پیاو ماقوڵانو رۆشنبیرانی گەرمیانو ئەمبەرو ئەوبەری سیروانی روانیو لەسەرەتای گفتوگۆكەشیدا لەسەر رابرووی ناوچەكە، تەعریبی بەئافاتێك كە بەسەرە ناوچەكەدا هاتووە ناوبرد، كە بۆ لەناوبردنی كەلتووورو پەیوەندی كۆمەڵایەتی بووەو ئامانجیشی كۆتایهێنان بووە بەڕیشەی زمانی كوردییو، وتی: مێژووی تەعریب، مێژوویەكی كۆنتری لەتەعریبی سەردەمی بەعس هەیە. بۆیە هەر كوردێك مەترسییەكانی تەعریب لەئێستاو ئاییندەشدا نەزانێت، بێگومان پێوەری كوردایەتییەكەی لاوازە.
ئاماژەشی بۆ ئەوەكرد، ئەمڕۆ دیدارەكەمان لەیەكەم رۆژی هاوینی سروشتو قرچەی دۆخی سیاسییە. واتا هەم گەرمای سروشت و هەم تای سیاسیش هەموومانی گرتۆتەوە. وەك چۆن تای ئابوری، تای تەعریبی نوێ، تای ئیرهاب، تای حكومەتێكی نادیموكراتو تائیفیمان لەبەغداد هەیە، كە هەموو ئەم تایانەش، لەگەرمای هاوینەكە مەترسیدارترە لەسەر ژیانمان.
رونیشیكردەوە: كاتێك سیستەم، ئابوری، حكومڕانی تێكدەچێت، بەپێچەوانەی گەرماو قرچەی سروشتی هاوینەوە، هەموو ژیانمان لێتێكدەدات، هەربۆیە ئێستا لەدۆخێكی خراپدا دەژین.
مەلا بەختیار، هەڵبژاردنی پێشوەختەشی، بەبیانوویەك بۆ شكستی حكومەت، پەرلەمان، باری ئابوریی و بەرزبوونەوەی رادەی گەندەڵی گێڕایەوە، لەكاتێكدا ئەگەر رێگە بدرێ ئەو هەڵبژاردنەش ئەنجامبدرێتو كێشەو گرفتی بۆ دروستنەكرێتو وتی:
كێشە گەورەكە ئەوەیە، پارتو لایەنە سیاسییەكانی عیراقو كوردستان، لەخۆیان، چارەنوسیان، پێگەو جەماوەری خۆیان دڵنیانین، چونكە بەشی زۆری جەماوەر متمانەی بەرامبەریان لەدەستداوە. بەڵام نەگبەتییەكە لەوەدایە كە ئەو لایەنانە سیاسیانە، خاوەنی هێزی چەكدارن! ئایا كێ و چ دەسەڵاتێك دەتوانێ ئەو هێزە چەكدارانە لەلایەنەكان وەربگرێتەوە؟!
ئەگەرچی نمونەكەی كوردستان، باشترە ئەگەر بەراوردی بكەین، بەعیراقو هێزە چەكدارو میلیشاكان و حەشدی شەعبی! كە تەواوی جومگەكانیان كۆنتڕۆڵكردووە. ئەمەش وایكردووە مەترسی گەورەو دۆخێكی نالەبار لەعیراقدا هەبێت.
جەختیشیكردەوە: كاتێك یەكێكی تر لەمەترسییە گەورەكان ئەوەیە، كاتێك دەوڵەتە گەورەكان و ئێران رێكبكەون، ئەوكاتە كە ئێران دڵنیادەبێ لەنەمانی ئەو فشارانەی لەلایەن ئەمریكاو رۆژئاوا لەسەریەتی و گەمارۆی لەسەر هەڵگیرا، نەوتەكەی بڕواتو بازاڕەكانی بوژانەوە، مەترسییەكانی سعودیە، ئیسرائیل و ئەمریكا وردە وردە رەوینەوە، ئەوكاتە ئێران، فشارەكانی لەسەر عیراق، یەمەن، لوبنان و سوریا كەمدەكاتەوە، چونكە هەتا ئێران دەستكەوتەكانی بەدینەهێنێت، هیچكام لەو وڵاتانە سەقامگیرنابێت. بەپێچەوانەشەوە لەپێناو سەقامگیربوونی ئەو وڵاتانەو كەمبوونەوەی مەترسییەكان، ئێران دەستكەوتەكانی وەردەگرێتەوەو ئەمەش وادەكات ئێران ببێ بەمیحوەری سوڵح لەناوچەكەدا.
سەبارەت بەسەرەنجامی رووداوەكانیش، مەلا بەختیار، تەئكیدی كردەوە كە:
ئەگەر، ئێران ببێ بەمیحوەری سوڵح و رێككەوتنەكەی تەواو بكات لەگەڵ رۆژئاوا، ئەوا ئێران، توركیا، سوریا و عیراق، پێویستیان بەسەقامگیریی و ئارامی دەبێ، واتا دەوڵەتانی هەرێمایەتی هەموویان ئامادەدەبن لەگەڵ دەوڵەتە گەورەكانی دونیا رێكبكەون، رێكیشدەكەون. بێگومان رێككەوتنەكەشیان لەسەر حسابی، خەباتی دیموكراسی، ئازادی، مەدەنیو گەلانی وەكو كورد دەبێت.
راشیگەیاند: كورد، بەدرێژایی مێژوو، قوربانی رێككەوتنە نێودەوڵەتییەكانە. لەسەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەمەوە، لەرێككەوتننامەی زەهاوی یەك و دوو، لەئەرز روومەوە، هەتا دەگاتە سایكس پیكۆ، هاوپەیمانێتی بەغداد، جەزائیرو هەموو ئەوانی تریش، كورد بە بەردەوامی قوربانی ئەو رێكەوتننامانە بووە! ئەمجارەش، بەدڵنیاییەوە هەر رێككەوتنێكی نێودەوڵەتیو هەرێمایەتی، راستە وەكو رابردوو نابێ! بەڵام ئەم ئازادییەی ئێستا هەمانە، بە بەشەكانی تری كوردستانیشەوە، هەمووی لەقاڵب دەدەن!
لەكۆتایی وتەكانیشدا، مەلا بەختیار، وتی: ئەگەر گللەیی و لۆمەیەك لەسەركردەو رابەرە سیاسییەكانی رابردووی كوردستان هەبێت، كە خۆیان عەشایر بوونو لەگەڵ عەشایر رێكنەكەووتون! ئەوا گللەیی و لۆمەكردن لەئێمەی ئێستای سیاسییەكان زۆر زۆرترە، كە سیاسینو لەگەڵ سیاسییەكان ناتوانین رێكبكەوین.
سەبارەت بەهاوپەیمانی تازە مۆركراوی گۆڕانو یەكێتیش، رایگەیاند:
كارێكی سیاسی باشە. هیوادارم هەتا یەكگرتنی هەردوو لا، بەردەوامبێت. رونیشیكردەوە:
دەستەواژەی گەندەڵی، لەناوەڕاستی نەوەدەكانەوە كاك نەوشیروانی رەحمەتی دایهێناوە.. بەتایبەتی لەئیدارەی سلێمانی ئەوكاتە.. كە گۆڕانیش جیابوونەوە، هەتا ئێستاش سەروبنی زمانی راگەیاندنیان، دژایەتی گەندەڵییە. ئەندامانی پەرلەمانی عیراقو كوردستانی گۆڕان، پەیتا پەیتا باسی گەندەڵی دەكەن، بەئامارو بەڵگەوە، گەندەڵییەكان لەمەرزەكان دەخەنەڕوو.. خێرە لەم هاوپەیمانییە نوێیەی گۆڕانو یەكێتیی، گۆڕان داوای پاكسازی گەندەڵی نەكردووە. بۆ گۆڕان وا تێگەیشتووە بەم هاوپەیمانییە، ئیتر گەندەڵی پاك دەبێتەوە؟ باسنەكردنی گەندەڵی لەم هاوپەیمانییە، لەزەرەری گۆڕان دەشكێتەوە.. لەناو ریزەكانیاندا لێكەوتەی خراپی لێدەكەوێتەوە، كە زیانی بۆ هەڵمەتی هەڵبژاردنی هاوبەش دەبێ.
ھەواڵی ڕابردوو
ھەواڵی داھاتوو
ھەواڵی زیاتر