وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەکەن، کە بڕیارە لە بەغداوە وەک شایستەی دارایی رەوانەی هەرێمی کوردستان بکرێت، هەوڵی جدی دەدەن کە مووچە 100٪ بدرێت.
جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند: “چاوەڕێین حکومەتی عێراق 200 ملیار دینار رەوانە بکات و بۆ ئەو وردەکاریانەی هەیە بەرچاومان روونبێت، ئەوکات لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین، ئێمە وەک حکومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جدیمان داوە کە مووچە 100٪ دابەش بكرێت”.
راشیگەیاند: “حکومەتی عێراق بڕیارداوە مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی کوردستان بکات، ئێمەش چاوەڕێین بڕیارەکە جێبەجێ بکەن”.
وتەبێژی حکومەت، جەختیکردەوە: “ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەکرێت، تا وردەکاریی و پێشهاتە داراییەکان تاوتوێ دەکرێن، دوای کۆبوونەوەی لەبارەوە دەکرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت”.
ئاماژەی بەوەدا: “دوای ناردنی بڕە پارەکە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ مووچە دابین دەکرێت، حکومەت کۆمەڵێک ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەکەین بە لە ماوەیەکی نزیکدا گرفتی مووچە چارەسەر بکرێت”.
باسی لەوەشکرد: “لە 6/6/2021 سێیەمین نووسراوی ئاراستەی چاودێری حکومەتی عێراق کرد، ئەوان لیژنەیەکیان ناردە هەرێمی کوردستان، رۆژی دواتر دەستبەکاربوو بۆ وردبوونەوە لە داهاتە نا نەوتییەکان و دەروازەکان، چەند تیمێکی هاوبەش لە دیوانی چاودێری هەردوولا پێکهێنرا، تائێستا بەردەوامن لە کارەکانیان، ئەو داهاتە نانەوتیانە لە هەرێمی کوردستان بەدەستدێ لەبەردەستی تیمی هاوبەشە و چاودێری دارایی هەردوولا دایە”.
ھەواڵی زیاتر