کێڵگەمینێکی نوێ لە گەرمیان دەستنیشان کرا

تیمێکی لێکۆڵینەوە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی کاروباری مینی گەرمیان بەدواداچوونیان بۆ ژمارەیەك مینی دۆزراوە کرد کە لەلایەن هاووڵاتیان هەواڵیان لەسەر درا بوو.

ئەم تیمە کە پێکهاتبوون لە ئەندامانی تیمی رووپێوی و تیمی لەناوبردنی تەقەمەنی سەردانی ناوچەکەیان کرد کە دەکەوێتە نێوان ناوەندی ناحیەی باوەنور و گوندی پاریاوڵەی بچوك و بەو ئەنجامە گەیشت کە ئەو ناوچەیە کێڵگەمینە و گومانی ئەوەی لێ دەگرێت مینی زیاتر لەخۆ بگریت.

بە پێی فەرمانی بەڕێوەبەری گشتی، رێکاری پێویست بۆ ئەم دۆزینەوەیە دەگیرێتە بەر لە پێناو سەلامەتیی گیانی هاووڵاتیان، بە تایبەتیش لەبەر ئەوەی کە دووری ئەم ناوچەیە لە رێگای سەرەکی کەلار-سلێمانی لە کلیۆمەترێك کەمتر دەبێت.

ئەم ناوچەیە کە بە مەقەڕ سریەکە ناسراوە لە ساڵەکانی پێش راپەڕین، بنکەی سەربازی بووە و پێشتریش چەند کێڵگەمێنێك لەو ناوچەیە پاك کراونەتەوە.
داوا لە هاووڵاتیان و، بە تایبەتیش شوانە بەڕێزەکان، دەکرێت خۆیان لەو ناوچەیە بەدوور بگرن تا ئەو کاتەی سنوری ناوچە مێنڕێژکراوەکان دیاری دەکرین و پاك دەکرینەوە.

ھەواڵی زیاتر