ھەرێمی کوردستان و یۆنان لە رووی شوێنەوار و گەشتیارییەوە ھەماھەنگ دەبن

وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵخانەی یۆنان لە هەولێر پەرەپێدانی هەماهەنگی و پەیوەندییەكانی نێوانیان بۆ سوودوەرگرتن لە ئەزموونی یۆنان لە رووی شوێنەوار و گەشتیارییەوە تاوتوێ دەكەن و وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار و كونسوڵی یۆنانیش جەخت لە پێویستی فراوانتركردنی هەماهەنگییەكان دەكەنەوە.

سەرلەبەیانی ئەمڕۆ یەكشەممە (13ی حوزەیرانی 2021) ساسان عەونی، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار لە دیوانی وەزارەت، پێشوازی لە ستاڤرۆس کیریمیس، کونسوڵی گشتیی یۆنان لە هەرێمی کوردستان كرد.

لە كۆبوونەوەكەدا گفتوگۆیان لەبارەی پەرەپێدانی سێكتەرەكانی گەشتوگوزار و شوێنەوار و پرۆژە خزمەتگوزارییەكان لە هەرێمی كوردستان كرد بە مەبەستی سوودوەرگرتن لە ئەزموونی وڵاتی یۆنان، كە لە هەندێك لایەنی وەك ژینگە و كەشوهەوا و گەشتیاری و شوێنەوارەوە تاڕادەیەك نزیكایەتی لەنێوان هەرێمی كوردستان و یۆناندا هەیە.
وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار ساسان عەونی خۆشحاڵی خۆی بە فراوانتركردنی پەیوەندییەكان دەربڕی و جەختیشی كردەوە لەسەر گرنگیدان و سوودوەرگرتن لە ڕاوێژكاری و شارەزایی لایەنی یۆنانی بۆ پەرەپێدانی ئەو سێكتەرانەی هەرێمی كوردستان.

هەروەها پەرەپێدانی پەیوەندی و هەماهەنگییەكانی نێوان لایەنی وەزارەت و كونسوڵخانەی یۆنان و كۆمپانیا گەشتیارییەكان تاوتوێ كرا و لەمبارەیەوە جەخت لە پێویستی هاوكاری و پەرەپێدانی هەماهەنگییەكانی نێوان هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان و یۆنان كرایەوە.

ھەواڵی زیاتر